پزیشکیان: گەمارۆ و هەڕەشە رێگری سەرەکین لەبەردەم دانوستاندنی راستەقینە
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، تاران هەمیشە ئامادەی گفتوگۆ بووە، بەڵام "هەڕەشە و پێشێلکردنی بەڵێنەکان" رێگرن لە هەر جۆرە دانوستاندنێکی جددی.
مەسعود پزیشکیان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە گفتوگۆ و رێککەوتن کردووە و لەسەر ئەو سیاسەتەش بەردەوامە."
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و نووسیویەتی: "پێشێلکردنی بەڵێنەکان، گەمارۆ و هەڕەشەکان، رێگری سەرەکین لەبەردەم دانوستاندنی راستەقینە."
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە جیهان ئاگاداری "دووفاقییەکانی" ئەمریکایە و دەڵێت: "جیهان دەربڕینە دووفاقییە کۆتایی نەهاتووەکانی ئێوە و ئەو دژایەتییە دەبینێت کە لەنێوان قسە و کردەوەکانتاندا هەیە."
ئەم لێدوانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر چەندین پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەردەوامن و هەردوولا یەکدی بە پەکخستنی رێگەکانی دیپلۆماسی تۆمەتبار دەکەن.