وەزیری کشتوکاڵی ئێران: کیلۆی گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن دەبێت

23-01-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی ئێران نرخی کڕینەوەی گەنم لە ساڵی داهاتوو (هەتاو)ی دیاریکرد و یە کیلۆ گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (24.5 سەنت) لە جووتیاران دەکڕدرێتەوە.
 
غوڵامڕەزا قزڵجەی نووری، وەزیری کشتوکاڵی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیاریانداوە نرخی گەرەنتیکراوی هەر کیلۆ گەنمێک لە ساڵی داهاتوودا 20 هەزار و 500 تمەن بێت و هەوڵدەدەن ئەزموونی ئەم ساڵ و ساڵانی رابردوو لەبارەی درەنگکەوتنی پێدانی پارەی گەنم بە جووتیاران دووبارە نەبێتەوە.
 
وەزیری کشتوکاڵی ئێران هەروەها دەڵێت، وەزیری وزەی ئەو وڵاتە بەڵێنی پێداون بڕینی کارەبای کەرتی کشتوکاڵ کەم بکرێتەوە.
 
حکومەتی ئێران ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن لە جووتیاران کڕییەوە و پێدانی بەشی زۆری پارەکەیان زیاتر لە سێ مانگ دوا کەوت، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە حکومەت پێشتر رایگەیاندبوو دەستبەجێ پارەکەیان پێدەدرێت.
 
 لە ئەم ساڵی هەتاویدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 14.5 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمهاتووە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵیی ئێران رایگەیاندووە، بۆ ساڵی داهاتوو شەش ملیۆن و 400 هەزار هێکتار دەکرێتە گەنم کە 4.7٪ زیاترە لە ئەم ساڵ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە