دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تاران بیسترا


رووداو - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تاران دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیسترا و  بەو هۆیەوە سیستمە بەرگرییەکانی ئێران کاراکراون.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە نێوخۆییەکان و  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە گەڕەکەکانی حەکیمییە، سەبەلان، پیرۆزی، تارانپارس و مەشیریە بیستراوە.
 
هاوکات باس لەوە دەکرێت کە تیشکی سووری تەقینەوەکان لە ئاسمانی ناوچەی "پارچین" و نزیک "زانکۆی ئیمام حوسێن" بینراوە.
 
بەشێک لە هاووڵاتییان لە تاران دەڵێن: "پاش بیستنی دەنگی فڕۆکەی جەنگی، دەنگی کارکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و تەقینەوەی بەهێز هاتووە." هەروەها باس لەوەدەکرێت کە ناوچەی سەربازیی پارچین لە رۆژهەڵاتی تاران کرابێتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

 

 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی تەقینەوەکان و زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.