تاران بەچڕی بۆردوومان دەکرێت


رووداو- هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، تاران و ناوچەکانی دەوروبەری کەوتنە بەر شەپۆلێکی چڕی بۆردوومان، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زۆربەی ناوچە ستراتیژییەکانی پایتەختی ئێران کراونەتە ئامانج و لە هەندێک شوێن کارەبا بڕاوە.
 
دەوروبەری کاژێر 05:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لەدوای یەک لە ناوچە جیاجیاکانی تاران روویانداوە. لە رۆژهەڵاتی تاران پێنج تەقینەوە، لە مونیرییە لە باکووری شارەکە سێ تەقینەوە، لە گەڕەکی سەتارخان لە رۆژئاوا پێنج تەقینەوە و لە ناوچەی وەنەک لە باکووری تاران چوار تەقینەوە روویانداوە.
 
هاوکات، هێرشەکان شاری کەرەج و دەوروبەریشیان گرتووەتەوە. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ناوچەی گەرمدەڕە 6 تەقینەوەی بەهێز روویانداوە و دوای هێرشەکان کارەبای ناوچەکە بە تەواوی بڕاوە.
 
میدیا فەرمییەکانی ئێران هێرشەکانیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاند، ناوچەکانی (1، 4، 11، 13 و 21)ی تاران کراونەتە ئامانج. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، شوێنی تەقینەوەکان بەمشێوەیە بووە:
 
ناوچەی 13: شەقامی پیروزی.
 
ناوچەی 21: نزیک گەرمەدەڕە.
 
ناوچەی 1: ئۆتۆبانی شەهید بابایی و شەقامی شەهید لەنگەری.
 
ناوچەی 4: کۆتایی ئۆتۆبانی شەهید بابایی و نزیک گۆڕەپانی هێرەوی.
 
ناوچەی 11: شەقامی حافز.
 
بەرپرسانی ئێران هیچ زانیارییەکیان لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاونەکردووەتەوە. ئاسمانی تاران و ناوچەکانی دەوروبەری ئێستا بە چڕی جووڵەی فڕۆکەی جەنگی و دەنگی سیستەمی بەرگریی لێ دەبیسترێت.