سەرۆکی فریاکەوتنی ئێران: بەهۆی جەنگەوە 208 منداڵ و مێرمنداڵ کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، بەهۆی جەنگەوە 208 منداڵ و مێردمنداڵ گیانیان لەدەستداوە، کە بچووکترینیان کۆرپەیەکی تەمەن سێ رۆژە.
 
بەپێی ئامارە نوێیەکانی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، لەو پێکدادانە سەربازییانەی بە میدیای ئێران بە "جەنگی رەمەزان" ناوئ دەهێنێت، تاوەکو ئێستا 208 کەس کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە، گیانیان لەدەستداوە.
 
لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە گەورەترین زیانی مرۆیی بەر ناوەندەکانی خوێندن کەوتووە. بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوەکە، "پشکی شێر"ی قوربانییە منداڵەکان بەر قوتابخانەیەکی ناوچەی "میناب" کەوتووە؛ بەجۆرێک تەنیا لەو قوتابخانەیەدا 168 منداڵ و قوتابی گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش وەک یەکێک لە گەورەترین "کارەساتە مرۆییەکان" لەو جەنگەدا هەژمار دەکرێت.
 
ئامارەکان تەنیا مێردمنداڵانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی فریاکەوتن، 13 منداڵی تەمەن ژێر پێنج ساڵ لەنێو لیستی کوژراوەکاندان. لەنێویاندا کۆرپەیەکی تەمەن سێ رۆژە، کە بە فەرمی وەک بچووکترین قوربانیی ئەو ململانێیە ناوی تۆمار کراوە.
 
جەنگەکە کاریگەرییەکی وێرانی لەسەر ناوچە نیشتەجێبووەکان و ژێرخانی پەروەردەیی و تەندروستی دروستکردووە و رێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری لە بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی قوربانیانی سڤیل دەدەن.