سویسرا باڵیۆزخانەکەی لە تاران دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، تیمێکی دیپلۆماسییان گەڕاندووەتەوە بۆ تاران بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەکەیان، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە داخرابوو.
 
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە 11ی ئاداری ئەم ساڵ بەهۆی ناجێگیریی باری ئەمنی لە ئێران، باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران بە شێوەیەکی کاتی داخرابوو، لە 20ی نیسانەوە تیمێکی وڵاتەکە گەیشتوونەتەوە تاران.
 
تیمە سویسرییەکە لە چوار فەرمانبەر پێکهاتوون و لە رێگەی وشکانییەوە و لە خاکی ئازەربایجانەوە چوونەتە ناو ئێران؛ ئێستا خەریکی ئامادەکاریین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ کار و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەکە دەستپێبکەنەوە.
 
سویسرا لە ئێران جگە لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی، وەک نوێنەری بەرژەوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکاش لەو وڵاتە کاردەکات، ئەمەش دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران لە ساڵی 1980ـەوە.