هونەرمەندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران دەستبەسەر دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

حەمید نیکخا، هونەرمەندی گرافیستی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی چوارشەممە لە تاران دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
 
ئێوارەی چوارشەممە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی چەندین سەرچاوەی نزیک لە حەمید نیکخا هونەرمەندی ناسراوی مەریوانی، بڵاویان کردەوە؛ ئەو هونەرمەندە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی رانەگەیێندراوە.
 
حەمید نیکخا یەکێک لەو هونەرمەندە ناسراوانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە کێشانی گرافیتییەکانی بۆ بابەتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ناوبانگی زۆری پەیدا کردووە، وەک کێشانی گرافیتیی کۆڵبەران لەسەر شاخەکانی مەریوان، کێشانی گرافیتیی بەندکردنی مامۆستایان لەنێو کۆڵان و شەقامی شارەکان، کێشانی گرافیتی بۆ گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کێشانی گرافیتیی پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵان. 
 
حەمید نیکخا خەڵکی شاری مەریوانە، بەڵام چەند ساڵێکە لە شاری تاران دەژی و هاوکات لەگەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوام بووە لە کارە هونەرییەکانی وەک پشتیوانییەک بۆ خۆپێشاندەران.
 
پێشتریش چەندین جار هێزە ئەمنییەکانی ئێران هۆشدارییان بە نیکخا دابوو، هەروەها هەڕەشەیان لێکردبوو.