لە کامێران ئەو کەسانەی لایەنە ئەمنییەکان بە چالاکیان دەزانن دەیانڕفێنن و تاوەکو مردن لێیان دەدەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەممە، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری بەڵگەنامەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە فەرمانگەکانیان هاتنە دەرەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و گوتیان، مووچەیان بە ریاڵ پێدەدرێت، کەچی خەرجییەکان بە دۆلارە. 
 
ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن، مووچەیان "نادادپەروەرانە و لە ژێر هێڵی هەژاری دایە." ناڕەزایەتییەکانیان هاوکات بووە لەگەڵ سەدەمین رۆژی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. کە لە مەرگی ژینا ئەمینییەوە دەستیپێکرد. بەڵام هەموو ئێرانی گرتەوە و دەسەڵاتی ئێرانی رووبەڕووی جیدیترین قەیران لە مێژووی خۆیدا کردەوە. 
 
رۆژی هەینی لە سەر داوای مامۆستایانی ئایینیی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینی لە بانگکردنی مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی، مامۆستای ئایینیی، دەیان کەس لە مزگەوتی جامیعەی سنەدا کۆبوونەوە و تێیدا راگەیێندراوی مامۆستایانی ئایینیی سنە، کامێران و دێولانە خوێندرایەوە و "رەخنەی تووند" لە حکومەتی ئێران گیرا. 
 
هەروەها چەندین مامۆستای ئایینیی پەیامیان بۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکان دەربڕی و گوتاریان پێشکێشکرد. 
 
لە بەرامبەر داواکاری خەڵکدا، دەسەڵات هیچ پاشەکشێیەکی نەکردووە، بەڵکو وەڵامی تەنیا سەرکوت بووە، ئەویش بەشێوازی جۆراوجۆر. بەپێی زانیارییەکان، لە شاری کامێران، ئەو کەسانەی لایەنە ئەمنییەکان بە چالاکیان دەزانن، دەیانڕفێنن، دەیانبەنە دەرەوەی شار و تاوەکو مردن لێیان دەدەن و هەر لەوێ بەجێیان دێڵن.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نزیکەی 60 کەس مەترسی سێدارەیان لەسەرە، ئێستا مەترسی سەر یەک کەسیان رەویوەتەوە. دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران قبووڵی کردووە سزای سێدارەی سامان یاسین پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە، سامان یاسین، گۆرانیبێژی خەڵکی کرماشانە. 
 
بەرپرسان دەڵێن، ناڕەزایەتییەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام خەڵک هێشتا بە بیانووی جۆراوجۆر و بەشێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی دەردەبڕن.