10 مامۆستای ئایینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ

مامۆستا ئایینییەکان لە چەند مانگی رابردوودا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی بەرزی ناڕەزایەتییەکان بوون. لە دۆخی ئەمدواییە گلەییان هەبووە و هەوڵیانداوە دەنگی خەڵکی ناڕازی بن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە گوشار لەسەر توێژی مامۆستا زۆر بێت. 
 
لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا 10 مامۆستا دەستگیرکراون. سەید سلێمان ئەحمەدی، یونس نەوخا، سەید جەماڵەدین واژی و شەریف مەحموودپوور خەڵکی پیرانشار، محەممەد خزرنژاد و حەسەن فەتحی خزرلەک خەڵکی بۆکان، سەید سەیفوڵا حوسێنی خەڵکی جوانڕۆ، رەحمەتوڵڵا نسوحی خەڵکی مەهاباد، ساحێب ئەحمەدی تەڵەبی خەڵکی سنە و حەسەن کوهی خەڵکی سەردەشتیش ماوەیەکی کاتیی دەستبەسەر کرا.
 
هەڵبەت لەم ماوەیەدا ژمارەیەک مامۆستای دیکەش لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگ کراون، یان بۆ دادگە بانگ کراون یان لە رێگەی دیکەوە گوشار خراوەتە سەریان بۆ ئەوە لە هەڵوێستەکانیان، کە پشتگیری لە خۆپێشاندەرەکان بووە، پاشگەز ببنەوە. 

 

مامۆستایەکی ئایینی کە لەبەر گوشارە ئەمنییەکان نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێی گوتی، "رۆژ لە دوای رۆژ گوشار بۆسەر مامۆستا ئایینییەکان زیاتر دەبێت. هۆکاری سەرەکیشی ئەوەیە هەر لە یەکەم رۆژی ناڕەزایەتییەکانەوە مامۆستاکان لەگەڵ خەڵک بوون و داکۆکییان لە مافی خەڵک کردووە. ئێستاش تەنیا توێژی مامۆستایە کە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و لە گوتاری رۆژانی هەینی و بە دەرکردنی راگەیێندراو، بەردەوامن لە پشتگیریکردنی خۆپێشاندەرەکان. تاوەکو ئێستاش لە ئێراندا مامۆستاکان مەیدانداری ناڕەزایەتییەکانن و پاشەکشێیان نەکردووە."
 
دوایین راگەیێندراوی مامۆستاکانی پیرانشار، نەغەدە و شنۆ بۆ پشتگیری لە داواکاریی خەڵک تەنیا دوو رۆژ لەمەوبەر بوو، کە دوای ئەوە چوار مامۆستای ئایینی دەستبەسەر کران، لەوانە شەریف مەحموودپوور، کە ئەو راگەیێندراوەکەی خوێندەوە.
 
شەریف مەحموودپوور گوتی، "مامۆستا ئایینییەکان نفوزێکی رێژەییان لەنێو خەڵکدا هەیە، ئەوان هاوکات لەگەڵ پێداگریی لەسەر داواکارییە نەتەوەییەکان، ناڕەزایەتی بە هەڵاواردنی ئایینییش دەردەبڕن، ئەمە بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە باس لە یەکێتیی و یەکسانی لەنێوان ئایینە ئیسلامییەکاندا دەکات، پەسند نییە."
 
هەندێک لە مامۆستا ناڕازییەکان سزای قورسیشیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام سەرەڕای ئەو گوشارانەش تاوەکو ئێستا پاشەکشێیان لە هەڵوێستی خۆیان نەکردووە.