تاران هۆشداری دەدات لە مەترسیی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کۆگەکانی نەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە جنێڤ، لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی تەندروستی و ژینگەیی وڵاتەکەی دەدات و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان کەرتی تەندروستییان کردووەتە ئامانج.
 
عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەکەیدا بۆ تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وردەکاریی زیانەکانی خستەڕوو و گوتی، "تاوەکو ئێستا 21 کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە و 7 نەخۆشخانە بە تەواوی لەکارکەوتوون، جگە لە زیانگەیاندن بە 49 ناوەندی دیکەی چارەسەری و خاپوورکردنی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون."
 
باڵیۆزی ئێران باسی مەترسیی هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کۆگەکانی نەوتی تاران کرد، هۆشداریشی داوە هەر هێرشێکی لەو شێوەیە، کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر تەندروستیی گشتی و ژینگەی ناوچەکە دەبێت.
 
بەحرەینی جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوانە پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانن، هەربۆیە داوای لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە، هەڵوێستی روونی هەبێت بۆ پاراستنی کەرتی تەندروستی و ژێرخانی مەدەنیی وڵاتەکەی لەو هێرشانەی، کە بە گوتەی ئەو، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێن.