لە زنجانی ئێران 59 کەس بە بۆردوومان گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری زنجان ئاماری کۆتایی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پارێزگاکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە 59 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
موحسین سادقی، پارێزگاری زەنجان هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە کراون و نزیکەی 50 خاڵی جیاوازی پارێزگاکەیان کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 43  کەس لەنێو سنووری پارێزگاکە و 16 کەسی دیکەش لە دەرەوەی پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە،زۆربەیان ژن، منداڵ و کرێکارن؛ هەروەها 324  کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لەبارەی بە زیانە ماددییەکان، پارێزگار ئاماژەی بەوە کردووە زیاتر لە 600  یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانی زۆریان بەرکەوتووە، پێکهاتوون لە 425 خانوو و 187 دووکان.
 
هاوکات ژێرخانی گشتیی پارێزگاکەش زیانی پێگەیشتووە، لەوانە: فڕۆکەخانەی گەشتیاری، حەوت یەکەی پیشەسازی، تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، رێگەوبانەکان و پردێکی سەرەکیی ئۆتۆبان.