ئەرتەشی ئێران: بە مووشەکی زەوی بە زەوی هێرشمان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی مووشەکی "زەوی بۆ زەوی"ـیەوە شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردووەتە ئامانج، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، سەرجەم ئەو مووشەکانەی ئاراستەی فرۆکەخانە کرابوون، تێکشکێندراون.
بەرەبەیانی چوارشەممە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو ناوچەیەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کراوەتە ئامانج، "یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی پشتیوانی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەمریکا" و ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەو شوێنە کۆمەڵێک ئامێر و سیستەمی سەربازیی پێشکەوتووی تێدایە.
ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو شوێنە "بارەگای گرووپە جوداخوازەکانیشی" لێیە (مەبەستی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستانە) و تۆمەتباریان دەکات بەوەی کە "هۆکاری نائارامیی سنوورەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێرانن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەرتەشی ئێران، هێرشەکە لە رێگەی مووشەکی "زەوی بۆ زەوی" کراوە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بە فەرمی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، چوار مووشەک و پێنج درۆن ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کران و سەرجەمیان تێکشێندران.
لەلایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە درۆنێک لەسەر یەکێک لە باڵەخانەکانی گوندی لوبنانی لەسەر رێگەی هەولێر - بەحرکە کەوتە خوارەوە. بەهۆیەوە زیان بە باڵەخانەکە و چەند ئۆتۆمبێلێک کەوت، کە لە بەردەم باڵەخانەکەدا راگیرابوون.