میدیای ئێران: زیاتر لە ملیۆنێک شەڕکەر بۆ جەنگی زەوینی ئامادەن

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ملیۆنێک هێزی چەکدار بۆ شەڕی زەوینی لەگەڵ ئەمریکا رێکخراون و ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێک، وەک ئەوان دەڵێن "دۆزەخێکی مێژوویی" بۆ هێزەکانی ئەمریکا دروست بکەن.
 
سەرچاوەیەکی سەربازیی بە میدیای ئێرانی راگەیاندووە: "لەگەڵ زیادبوونی پێشبینییەکان دەربارەی ئەگەری گەمژەییەکی مێژوویی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دەستپێکردنی جەنگی زەوینی لە بەرەی باشووری ئێران، شەپۆلێکی جۆش و خرۆش لەنێو شەڕکەرانی زەوینیی ئێران دروست بووە بۆ ئەوەی دۆزەخێکی مێژوویی بۆ ئەمریکییەکان لەسەر خاکی ئێران بخووڵقێنن."
 
ئەو سەرچاوە سەربازییە ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە ئامادەکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بۆ شەڕی زەوینی، لە چەند رۆژی رابردوودا قەرەباڵخییەکی زۆر و لێشاوێک لە داواکاریی گەنجانی ئێرانی گەیشتووەتە ناوەندەکانی بەسیج، سوپای پاسداران و ئەرتەش، تاوەکو ئەوانیش بەشداری لەو جەنگەدا بکەن.
 
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، ئەو سەرچاوەی میدیای ئێران دەڵێت: "ئەمریکا دەیەوێت گەرووەکە بە خۆکوژی بکاتەوە، کێشە نییە، ئێمە ئامادەین هەم ئەوان ستراتیژی خۆکوژییەکەیان جێبەجێ بکەن و هەم گەرووەکەش بە داخراوی بمێنێتەوە."