لە ئێران دوای پێنج رۆژ ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس خامۆش کرا

 
 
رووداو - هەولێر

ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەدی ئێران دوای پێنج رۆژ و سووتاندنی زیاتر لە 300 هێکتار دارستان خامۆش کرا.
 
عەلی خودانپایە، قایمقامی گەچساران شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری هەیە ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بە ئەنقەست بووبێت. بە گوتەی عەلی خودانپایە، هێشتا رێژەی زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە وردی لێکنەدراوەتەوە.
 
ئەو ئاگرە لە رۆژی هەینییەوە کەوتووەتەوە و بە لای کەمەوە 150 کەس لە کواژنەوەیدا بەشدار بوون.
 
تەنیا ئەمساڵ ئەوە پێنجەمین جارە دارستانەکانی گەچساران ئاگر دەگرن. بەرپرسانی خۆجێی دەڵێن، لەو رووداوانەدا زۆر داری بەڕوو لەنێوچوون کە تەمەنیان زیاتر لە 100 ساڵ بووە.
 
ئاگرکەوتنەوەکان ساڵانێکە مەترسی جیددی سەر دارستانەکانی زاگرۆسن. بەتایبەت بە کۆتاییهاتنی وەزی بەهار و وشکبوونی گژوگیا ئەو مەترسییە چەند هێندە زیاتریش دەبێت.
 
لەم هەفتەیەدا چەندین ئاگرکەوتنەوەی دیکەش لە دارستانەکانی زاگرۆسدا روویان داوە. دارستانەکانی ناوچەی سیاپیری سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام دوای سێ رۆژ خامۆش کرا. هەروەها لە ناوچەی لەلاری سەر بە بەدرە ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکە رووی دا.
 
هۆکاری ئاگرتنەوەکان جۆراوجۆرە. هەندێک جار خەڵکانێک بە مەبەستی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بە ئەنقەست دەستیان لە سووتاندانیاندا هەیە، جاروباریش کەمتەرخەمیی جووتیار، مەڕدار و سەیرانچییش هۆکارە.
 
 ژینگەپارێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جاران هێزە سەربازییەکانی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەوانیش بە ئەنقەست دارستانەکان دەسووتێنن.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر رێکخراوە ژینگەپارێزییەکان هەوڵی پاراستنی دارستانەکانیان داوە، بەڵام ئەوانیش دەڵێن، بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکان پێداویستی و کەلوپەلی پێویستیان نییە.