سەرۆکی دەزگای دادی ئێران: بەرپرسانمان نابێت لە دەرەوە نیشانی بدەن ناکۆکی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لەدژی قسەکانی محەممەدجەواد زەریف لە کۆڕبەندی داڤۆس ژمارەیەک نەریتخواز لە تاران گردبوونەوە، ئەوان لەوە توڕەن، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، لەو کۆڕبەندەدا باسی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و جێبەجێنەکردنی یاسای باڵاپۆشی کردووە.
ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێرانیش بۆچوونیان وەکو خۆپێشاندەرەکانە. لەوانە غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران کە لەبارەی قسەکانی زەریفەوە گوتی "ئەوە چ قسە کردنێکە؟ ئێمە بچین لە کۆڕێکی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەک قسە بکەین کە وا پێشان بدات، لەنێو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناکۆکی وا هەیە چارەسەر ناکرێت. وا پێشان بدرێت بەرپرسان لە بڕیارداندا کێشە و ناکۆکییان پێکەوە هەیە."
نەریتخوازانی ئێران لە سەرەتاوە دژایەتیی بوونی جەواد زەریفیان لە کابینەی مەسعود پزیشکیاندا کردووە و دەڵێن، دەستنیشانکردنی زەریف، پێشێلکردنی یاسای پێنەدانی بەرپرسیاریێتی باڵایە بەو کەسانەی خۆیان یان کەسوکاریان رەگەزنامەی وڵاتی دیکەیان هەیە.
منداڵەکانی زەریف لە ئەمریکا لە دایک بوون و وڵاتینامەی ئەمریکیان هەیە.
لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، قسەکانی جەواد زەریف لە کۆڕبەندی داڤۆس ناڕاست و دژی یەکڕیزیی نێوخۆیی بوون. لە بەیاننامەکەدا هاتووە "دەستنیشانکردنی زەریف لە سەرەتاوە نایاسایی بووە" و، داوا دەکەن لەسەر کار لابدرێت.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران گوتی "هێشتا نازانین ئەو نامەیەی لەبارەی بەڕێز زەریف دامانە دەزگای داد چیی بەسەرهات. چاوەڕوان بووین دەزگای داد خێراتر و روونتر وەڵامی دابووایەوە و بەدواداچوونی کردبا."
بەهۆی ئەو وەڵامنەدانەوەیە، ناڕەزایەتیی بەشێکی پەرلەمانتارانی نەریتخواز لە لەسەرکار لانەدانی زەریف، خەریکە دەگاتە سەرۆکی دەزگای دادیش.
عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێ "بەڕێز ئێژەیی ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات. پێموایە بەڕێز ئێژەیی دەبێ لەبارەی دەستنیشانکردنی نایاسایی و ناڕەوایی بەڕێز زەریف بڕیار بدات. ئەو دەستنیشانکردنە زیانی ئابووریشی لێکەوتووەتەوە. سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکە لەجێگەی ئەوەی خەریکی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بن، بەو بابەتەوە سەرقاڵن."
سەرۆککۆماری ئێران تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو رەخنانەی نەداوەتەوە، بەڵام جەواد زەریف لە سەرەتای دەستنیشانکردنیدا جارێک دەستی لەکار کێشایەوە و تاوەکو رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیایی پێنەدا، نەگەڕایەوە و نەچووە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.