یاریزانێکی زۆرانبازی لە ئێران هەڵدێت و داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد نامجۆ، یاریزانی زۆرانبازیی ئێرانی داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بە گوتەی خۆی بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە خۆپێشاندانەکانی رۆهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە هەڕەشەی لێکراوە.
نامجۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ژێر ناوی وڵاتەکەیدا یاریدەکات و تاوەکو ئێستا ژمارەیەک میدالیای بردووەتەوە. نامجۆی تەمەن 26 ساڵ ئێستا ئێرانی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیایە، بەڵام ئاشکرای نەکردووە چۆن ئێرانی بەجێهێشتووە. ئێستا داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا کردووە و بەهیوایە ئەو وڵاتە داڵدەی بدات.
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رادیۆیەکی نێوخۆی ئەڵمانیا، نامجۆ باسی لەوکردووە: "هەڕەشەی بەردەوام و گوشاری سایکۆلۆژی" لەلایەن سەندیکای زۆرانبازانیی ئێران و دامەزراوەکانی دیکەوە کراوەتە سەری.
نامجۆ لە هەڤپەیڤینەکەیدا دەڵێت: "دیاربوو شتەکان بەرەو کوێ دەڕۆن، یان کوێریان دەکردم یان دەیانکوشتم. لە باشترین دۆخدا هەر ئەوە بوو کە زیندانی نەدەکرام". بەگوێرەی گوتەکانی نامجۆ، رەخنەی ئەوەی لێگیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا پاڵپشتیی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە.
نامجۆ باس لەوە دەکات، ژمارەیەکی زۆر یاریزان لە ئێران لە ترسی ژیانی خۆیان نەیانتوانیوە بیروڕای خۆیان لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە دەرببڕن. دەشڵێت، زۆر بەوە خەمبار بووە، کە یاریزانانی هەڵبژاردەی زۆرانبازی و ئەوانی دیکە هەڕەشەی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەسەر دەکرا تاوەکو بێدەنگ بن.
لە 16ـی ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، کە بە گوتەی باوکی، کوژراوە. گیانلەدەستدانی کچە کوردەکە خۆپێشاندانی لە تەواوی ئێران بەدواداهات.
تائێستا ژمارەیەک چالاکڤان، هونەرمەند، یاریزان و رۆژنامەڤان بەهۆی خۆپێشاندان یان پاڵپشتیکردن لە خۆپێشاندانەکانەوە دەستگیرکراون. ژمارەی ئەو کەسانەش، کە لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون زیاتر لە 500 کەسن.