وەزیری تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی ئێران: پەیوەندی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە گەڕاوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەتار هاشمی، وەزیری تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی ئێران دەڵێت، لە دوێنێ سێشەممەوە پەیوەندییەکان بەردەستن و هیوا دەخوازێ لە داهاتوودا پەیوەندییەکان بە تەواوی ئاسایی ببنەوە.
 
سەتار هاشمی، وەزیری تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی ئێران، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیانی بڕینی ئینتەرنێت رۆژانە 5 ترلیۆن تمەن بووە، وەزیری ئابووری و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێیان وایە زیانەکان لەوەش زیاتر بوون.
 
وەزیری تەکنۆلۆژیا و پەیوەدنییەکانی ئێران ئاماژەی بەوەشی کرد، "بەهۆی ئەو دۆخەی لە وڵاتدا دروست بوو، لە رۆژی 8ی مانگەوە بە راوێژی دەزگا ئەمنییەکان، بە ناچاری ئینتەرنێتمان بڕی."
 
هاشمی دەڵێت، "ئێمە لە دۆخی ئەمنیی وڵات بێ ئاگا نەبووین و نین، بەڵام بە دیدێکی گشتگیرەوە بەدواداچوون بۆ هەموو بابەتەکان دەکەین. گفتوگۆی جیاواز لە ناوەندەکانی بڕیارداندا هەبوون و بۆچوون و قسەی جیاواز لەمبارەیەوە کران. دواجار بڕیاریاندا پەیوەندییەکان دەستپێبکەنەوە، هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندییەکان بە تەواوی بگەڕێنەوە".