قالیباف: سێ راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانەکانی جەنگ دەسەلمێنن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سێ راپۆرتی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی دۆخی فەڵەستین و "تاوانەکانی جەنگ" بخوێننەوە.
قالیباف ئەم راپۆرتانە وەک بەڵگەیەک بۆ "جینۆساید و هەڕەشە بۆ سەر شارستانییەتی مرۆیی" ناودەبات. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئاگادارکردنەوەی جیهان بەشێکی گرنگە لە بەرگری" و ئەو تاوانانەی لە راپۆرتەکاندا هاتوون، بە گوتەی ئەو، "زیاترن لەوەی مرۆڤ بەرگەیان بگرێت."
لە پەیامەکەیدا ناونیشانی سێ راپۆرتە فەرمییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە بریتین لە: راپۆرتی "ئەناتۆمیی جینۆساید"، راپۆرتی "لە ئابووریی داگیرکارییەوە بۆ ئابووریی جینۆساید" و راپۆرتی تایبەت بە "بەکارهێنانی سیستماتیکی تووندوتیژی لە دژی فەڵەستینییەکان."