لە بوشەهر 4 ئەندامی خێزانێکی کۆچەری بە بۆردوومان گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای بوشەهر، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگاکە، خێزانێکی کۆچەری بوونە قوربانی و زیان بە وێستگەی ئەتۆمی و ناوەندە پیشەسازییەکان گەیشتووە.
 
ئیحسان جیهانیان، جێگری پارێزگاری بوشەهر بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 28-03-2026، لانیکەم 15 شوێنی شارە جیاوازەکانی پارێزگاکە بۆردوومانکراون، یەکێک لە هێرشەکان لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بووە، دوو ناوەندی پیشەسازیی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانیش کراونەتە ئامانج.
 
جێگری پارێزگاری بوشەهر راشیگەیاند، "تراژیدیترین رووداوی ئەم هێرشانە، کەوتنی مووشەکێک بووە بۆ سەر خێمەی نیشتەجێبوونی خێزانێکی کۆچەری لە بەرزاییەکانی 'دەشتی.' لەو رووداوەدا ژن و پیاوەکەی ئەو ماڵە و دوو منداڵیان گیانیان لەدەستداوە، منداڵێکی دیکەی هەمان خێزانیش بە سەختی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە."