رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، خوێنی حەسەن نەسروڵڵا بەفیڕۆ ناچێت و پێنج رۆژ ماتەمینی گشتی لە ئێران رادەگەیێنێت.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا لە بارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، ئاماژە بەوە دەکات: "جیهانی ئیسلامی کەسایەتییەکی گەورە، بەرەی مقاوەمە و ئاڵاهەڵگرێکی بێهاوتای لەدەستدا."
خامنەیی دەڵێت: "گورزی بەرەی مقاوەمە لەسەر جەستەی رژێمی زایۆنی بەهێزتر دەبێت.. رژێمی زایۆنی لەم رووداوەدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەشڵێت: "حەسەن نەسروڵڵا رێچکە و قوتابخانەیەک بوو و رێچکەکەی بەردەوام دەبێت. خوێنی سەید عەباس موسەوی بەفیڕۆ نەچوو و خوێنی شەهید سەید حەسەنیش بەفیڕۆ ناچێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا راگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنانیش دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە نێویۆرکەوە درا".
مەسعود پزشکیان لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان ناتوانن خۆیان لە هاودەستیی زایۆنییەکان بێبەری بکەن".
پێشتر، رۆژی هەینی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بەیرووت و دوای ئەوە ژمارەیەک سەرچاوە رایانگەیاند، لە کوژرانی حیزبوڵڵا دەکۆڵنەوە.
بۆردوومانەکان بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بوون. حیزبوڵڵاش رایگەیاند، هێرشیان کردووە و تۆڵەیان لە ئیسرائیل کردووەتەوە.
بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەس لە لوبنان ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ