لە تاران ژنان دژی "حیجابی زۆرەملێ" لەچک لەسەریان لادەبەن
رووداو - هەولێر
لابردنی لەچک لەنێو بازاڕە قەرەباڵخەکانی تارانی پایتەختی ئێران وەک هێمایەک بۆ دژایەتیکردنی حیجابی زۆرەملێ بەردەوامە.
لە مەیدانی ئینقلابی تاران کە گۆڕەپانێکی قەرەباڵخی ئەو شارەیە، لەماوەی رابردوودا ژنێک بە لابردنی لەچک و بەدەستەوەگرتنی لەچکێکی سپی ناڕەزایەتی دژ بە حیجابی زۆرەملێ دەربڕی و دواتر دەستبەسەرکرا.
پارێزەرێکی ئێرانی کە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی دەستگیرکردنی دەکرد، رایگەیاند ئەو ژنە ئازادکراوە. هەر ئەمڕۆ وێنەی ژنێکی دیکەش لەهەمان شوێن بڵاوکرایەوە.
ناڕەزایەتی بە حیجاب لە ئێران شتێکی نوێ نییە، لە ساڵانی رابردوودا ژنان لە چوارچێوەی کەمپەینی جیاوازدا دژایەتی خۆیان بە حیجابی زۆرەملێ دەربڕیوە.
یەکەمین کەمپەینی ناڕەزایەتی بە حیجابی زۆرەملێ، ساڵی 2012 هاتەگۆڕێ، کەمپەینی نا بۆ حیجابی زۆرەملێ، لەم کەمپەینەدا زۆر لە چالاکڤانانی ژن بەشداربوون.
کەمپەینی دواتر ساڵی 2014 بوو، کەمپەینی ئازادی بەدزی. کە ژنان لە هەر شوێنێک لەچکەیان لە سەریان دەکردەوە و وێنەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکردەوە.
دوای ئەمە، نۆرەی کەمپەینی چوارشەممە سپییەکان هات، ژنان رۆژانی چوارشەممە حیجابەکانیان هەڵدەگرت، لەچکی سپییان لەسەر دەکرد، وێنە و فیلمیان لە خۆیان دەگرت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکردەوە.
حیجابی زۆرەملێ لە ئێران تەنیا دوو مانگ دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کرا، سەرەتا لە فەرمانگەکانەوە دەستیپێکرد، بڕیارێک کە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران جێبەجێکاری بوو. ئەمە ساڵی 1979 لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی ژنان بەرەوڕووبوو.
یەکەم یاسای حیجابی زۆرەملێ ساڵی 1983 دەرکرا، ئەم یاسایە ژنانی ناچار دەکرد لە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکانیش دەبێت بە حیجابەوە دەربکەون.
لە هەموو ئەم ساڵانەدا پاراستنی حیجاب لەگەڵ بەرەنگاری ژنان بەرەوڕوو بووە، تەنانەت پرۆژەکانی پاراستنی حیجابی ئیسلامی و بڵاوەکردنی هێز لە شەقامەکان و بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی ژنانیش زۆر کاریگەر نەبووە.
بەریەککەوتنی حکومەت و ژنان بۆ پاراستنی حیجاب و بۆ بە دەستهێنانی ئازادی لە پاراستن یان نەپاراستنی وادیارە جارێ درێژەی دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەڵکردنی ئاڵایەکی سپی و بە پاراستنی بێدەنگیش بێت.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن