عەباس عێراقچی: جەنگ رووبدات، ئەورووپا زیانی گەورەی پێدەگات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر یەکێتیی ئەورووپا و بڕیاری خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران بە "هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە" وەسف دەکات. عێراقچی رایدەگەیەنێت کە ئەورووپا لەجیاتی هێورکردنەوە، خەریکی خۆشکردنی ئاگری جەنگە لە ناوچەکەدا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی Xدا ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین وڵات هەوڵ بۆ رێگری لە جەنگی گشتگیر دەدەن، بەڵام هیچ کامیان ئەورووپی نین. عێراقچی ئەورووپای بە "دووفاقی" تۆمەتبار کرد و وتی: "هیچ هەنگاوێکیان بەرامبەر جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە نەناوە، کەچی بەناوی مافی مرۆڤەوە پەلە دەکەن بۆ گوشار خستنە سەر ئێران." ئەو پێیوایە ئەم هەنگاوەی برۆکسل تەنیا نمایشێکی راگەیاندنە بۆ شاردنەوەی پاشەکشەی ئەورووپا وەک ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، بڕیاری ناساندنی سوپای پاسدارانی وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بە هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە ناوبرد و رایگەیاند کە "سەرکوتکاری بێ وەڵام نامێنێتەوە". بڕیارەکە رێگە دەدات تەواوی داراییەکانی ئەو هێزە لە ئەورووپا سڕ بکرێن و چوونە ناو خاکی یەکێتییەکە لە ئەندامانی قەدەخە بکرێت.
عێراقچی هۆشداریی دا کە ئەورووپا بەهۆی جەنگێکی گشتگیرەوە زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بەتایبەت لە لایەنی نرخی وزەوە. ئەو جەختی کردەوە کە سیاسەتی ئێستای یەکێتیی ئەورووپا زیانێکی قووڵ بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەگەیەنێت و گوتی: "ئەوروپییەکان شایەنی شتێکی باشترن لەوەی حکومەتەکانیان پێشکەشیان دەکەن."
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە واشنتن گوشارەکانی زیاتر کردووە و دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی تووند دەکات، هاوکات کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بەرەو ناوچەکە لە جووڵەدان.