هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر تاران؛ دەنگی تەقینەوە دەبیسترێت و کارەبا بڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوە شاری تاران و دەوروبەریان هەژاند. میدیاکانی ئێران باس لە هێرشێکی "کەم وێنە" دەکەن و دەڵێن، هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، کارەبای چەندین ناوچە بڕاوە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاماژە بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی تاران، بەتایبەت لە رۆژئاوای شارەکە دەکەن.
لە کاژێر 20:42ـی شەوی یەکشەممەوە (29-3-2026)، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران کاراکراوە. بەپێی زانیارییەکان، بەردەوام دەنگی تەقینەوە و هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە دەبیسترێت.
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان، کارەبای چەندین ناوچەی تاران بڕاوە.
ڤیدیۆ.. وەزارەتی وزەی ئێران دەڵێت، هێرش کراوەتە سەر پیشەسازیی کارەبا لە تاران و بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی شارەکە و پارێزگای ئەلبەرز بڕاوە pic.twitter.com/QxZHVwrO4G
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 29, 2026
مەترسییەکە تەنیا لەسەر تاران نییە؛ لە شارۆچکەی "کۆسار"ـی کوردان و شاری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز، دەنگی دەیان تەقینەوە بیستراون و فڕۆکە بەسەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایەدا دەسووڕێنەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاوییان کردووەتەوە کە لە گەڕەکەکانی (گۆهەردەشت، ویلا، جیهانشەهر، دێهقان، تاڵەقانی، عەزیمییە، مەلا سەدرا و میهرڤیلا) لە کەرەج، کارەبا بەتەواوی بڕاوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە شارەکانی (سەومەعەسەرا، رەشت، ئاستانەی ئەشرەفییە و لاهیجان) لە پارێزگای گیلان، هەروەها شاری رامسەر لە پارێزگای مازەندەران، فڕۆکە بە ئاستێکی نزم بە ئاسماندا دەسووڕێنەوە و دۆخێکی نائاسایی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.