ئێران
پاشماوەی ئەو باڵەخانە خاپوورکراوەی لە 29ـی سێپتەمبەر، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا تێیدا کوژرا، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''سەرجەم تواناکانمان بۆ پاڵپشتیکردن لە فەلەستین و لوبنان بەکاردەهێنین و تاوانەکانی رژێمی زایۆنی بەبێ سزا نامێننەوە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''بۆ سزادانی داگیرکەران، شانبەشانی فەلەستین و لوبنان دەوەستین.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-09-2024) وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبۆنەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، ''سەرەڕای سەرکۆنەکردنی تووندی ئەو کردەوە تاوانکارییەی رژێمی زایۆنی، جەخت لە بەرپرسیاریێتیی راستەوخۆی ئەمریکا وەک هاوبەشی تاوان، پاڵپشت و هاودەستیی رژێمی زایۆنی بۆ ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکەینەوە.''
دوێنێ (شەممە) سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە هێرشەکەی 27ـی ئەیلوولی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر بەیرووت کوژراوە. حیزبوڵڵاش دوانیوەڕۆی شەممە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ''ئاشکرایە لێکەوتەکانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دڕندانەیە بۆ رژێمی تاوانکاری زایۆنی و پاڵپشتەکانی دەگەڕێتەوە، لە سەرووی هەمووانیشەوە رژێمی ئەمریکا.''
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە پاڵپشتیکردن لە "موقاوەمە" لە فەلەستین و لوبنان بەردەوام دەبن و دەڵێت، ''بێگومان ئەو کارە نامرۆڤانەیە و تیرۆری سەرکردەکانی موقاوەمە، ئیرادەی گەل و دەوڵەتی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی ستەملێکراوکان بەهێزتر دەکات.''
ئەوەشی تێدا باسکراوە ''بەردەوامیی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، جینۆساید، تاوانی جەنگ و داگیرکاریی رژێمی زایۆنی، دەرخەری سیمای تیرۆریستی و تاوانکاریی ئەو رژێمە و بەرگریکارەکانییەتی کە هیچ کات بەبێ سزا نامێننەوە.''
لە بەشێک لە راگەیێندارەوەکەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرجەم توانا سیاسی، دیپلۆماسی، یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی بۆ پاڵپشتیکردن لە فەلەستین و لوبنان بەکاردەهێنێت و، ''بۆ سزادانی داگیرکەران، شانبەشانی لوبنان و فەلەستین دەوەستێت.''
کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە "موقاوەمەی ئیسلامی" لە فەلەستین، لوبنان و رۆژئاوای ئاسیا بە شەهیدبوون''ـی فەرماندە و سەرکردەکانی تووشی بۆشایی نابێت و ''وڵاتانی موسوڵمان بە هێزەوە لە موقاوەمە و شەڕ دژی داگیرکەرانی تیرۆریست بەردەوام دەبن.''
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل یەک رۆژ دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ