زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێرانیان هەژاند

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە تاران، کەرەج و چەند شارێکی دیکەی ئێران بیستراوە و هاوکات دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە دەبیسترێت.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە دەوروبەری کاژێر 04:20ی بەرەبەیان، دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لەدوای یەک لە ناوچەکانی رۆژئاوا، باشوور و ناوەندی تاران بیستراوە. 
 
سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند خاڵێک لە ناوچەی فەردیس و مشکین دەشتی کەرەج کراونەتە ئامانج. هەروەها کارگەی "سەبا باتری" لە ناوچەی ئەدرانی شەهریار جارێکی دیکە کراوەتە ئامانج و دەنگی تەقینەوە لەو ناوچەیە بیستراوە.
 
دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شارەکانی قەزوین، زەنجان و کرماشان بیستراوە. لە پارێزگای سنە، دانیشتووانی شارەکانی سنە و دێولان باس لە دەنگی بەردەوامی فڕۆکەی جەنگی دەکەن کە بە نزمی فڕیون.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە شاری دێولان دەنگی دوو تەقینەوەی یەکجار بەهێز بیستراوە و  دوای تەقینەوەکان، کارەبای تەواوی شارەکە پچڕاوە.
 
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە شەپۆلێکی نوێی تەقینەوە و هێرشی ئاسمانی پارێزگای هورمزگان و دوورگەکانی کەنداوی گرتەوە. هاوکات لە پارێزگای کرماشان دەنگی فڕۆکەی جەنگی دەبیسترێت.
 
لە کاژێر 04:20 خولەکی بەرەبەیانەوە زنجیرەیەک تەقینەوەی یەکجار بەهێز شاری بەندەر عەباسی هەژاندووە. لە بۆردوومانەکاندا کۆگەکانی سووتی فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس کراونەتە ئامانج و دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
هەریەک لە دوورگەکانی کیش و قێشم بۆردوومان کراون. دانیشتووانی دوورگەی کیش باس لەوە دەکەن کە لە کاژێر 04:50 خولەک دوو تەقینەوەی یەکجار گەورە بیستراون کە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر.