بەڕێوەبەری قەیرانەکانی تەورێز: بەرهەمهێنانی بەنزین ئاساییە و نیگەران مەبن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تەورێز رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا دوو خاڵی سڤیل لە شاری تەورێز کراونەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و دەڵێت: "زیانەکان پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانی بەنزینەوە نییە."
مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیانەکانی تەورێز، لەبارەی وردەکاریی هێرشەکان گوتی: "لەو هێرشانەدا دوو خاڵی سڤیلی تەورێز کە پێکهاتبوون لە بورجی چاودێری و باندی فڕۆکەخانەی تەورێز، هەروەها کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی تەورێز کرانە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە هیچ شەهید و بریندارێکمان نییە."
سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی تەورێز، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، دوای هێرشەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
گوتیشی: "ئێستا دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە و ئەندازیاران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانە تەکنیکییەکان."
مەجید فەرشی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە ئەو زیانانەی بەر پترۆکیمیایی کەوتوون کار ناکاتە سەر پێداویستییە گشتییەکان و رایگەیاند: "ئەو زیانانەی بەر پترۆکیمیایی تەورێز کەوتوون، هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرهەمهێنانی بەنزینەوە نییە و داوا لە خەڵک دەکەین نیگەران نەبن."