گەنجێکی 20 ساڵ لە ئێران خاوەنی 153 خانووە؛ شەش ملیۆن خێزان لەو وڵاتە کرێچین


رووداو دیجیتاڵ

بوونە خاوەن خانوو، خەونێکی بەشی زۆری هاونیشتمانییان و هاووڵاتییانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، کرێچین. نووسینگەی چاودێریی رێکخراوی کاروباری وەرگرتنی باجی ئێران دەڵێت، تەنیا گەنجێکی 20 ساڵ خاوەنی 153 خانووە.
 
حکومەتی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە چەندین رێکاری جیاوازی گرتووەتەبەر، لەوانە دروستکردنی ساڵانە یەک ملیۆن خانوو، پێدانی قەرزی بانکی یان پێدانی زەوی بەو خێزانانەی سێ منداڵیان هەیە. هاووڵاتییەکی ئێرانی دەڵێت، "ئەی پەرلەمانتار؛ بۆ ئەوەی خانوو بدەن بە خەڵک هەر دەتگوت منداڵ، منداڵ. ئەوەش منداڵ. نەک خانوو و ئۆتۆمبێل، تەنانەت ئەوە دوو مانگە شیری وشکیشمان بۆ منداڵەکەمان دەستناکەوێت. دەرمانخانە نەماوە بۆی نەگەڕێین." 
 
بەگوێرەی وەزیری رێگەوبان و شارسازیی ئێران؛ 2.5 بۆ 3 ملیۆن خانووی بەتاڵ لەو وڵاتە هەن کە لانیکەم بەشی نیوەی ئەو شەش ملیۆن خێزانە دەکات کە کرێچین. بەشێکی زۆر لەو خانووانە هی بانک و دامودەزگا حکومییەکانی ئێرانن.
 
شاهین مستەوفی، بەرپرسی نووسینگەی چاودێریی رێکخراوی کاروباری وەرگرتنی باجی ئێران گوتی، "پێنج بانک خاوەنی زۆرترین خانووبەرەی بەتاڵن لە ئێراندا کە بە تەنیا بانکی مەسکەن خۆی هەشت هەزار خانووی بەتاڵی هەیە. چوارەکەی دیکەش زیاتر لە سێ هەزار خانووی بەتاڵیان هەیە. کۆمپانیای بیمەش 188 خانووی بەتاڵی هەیە. لەنێو خەڵکیشدا، کەسێکی تەمەن 20 ساڵان هەیە کە خۆی بە تەنیا خاوەنی 153 خانووی بەتاڵە کە دەبێ بناسێنرێت و بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی داهاتەکەی بکرێت".
 
ئیبراهیم رەئیسی یەک لە بانگەشەکانی لەکاتی هەڵبژاردندا، دروستکردنی چوار ملیۆن خانوو لە ماوەی چوار ساڵدا بوو. لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ئەو بڕیارە بووە پێدانی زەوی و قەرزی بانکی بۆ خانووبەرە و تاوەکو ئێستا کە دوو ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونیدا تێپەڕیوە، هیچکام لە بەڵێن و بڕیارەکان جێبەجێنەکراون.
 
حوسێن بەیان، پسپۆڕی بواری خانووبەرە باس لەوە دەکات، "وای دابنێین زەوی بە خۆڕاییش بدەن، ئینجا لە هەر شارێک بێت یان لە شوێنە کۆنەکانی شارەکان بێت، جیاوازی نییە. گرنگ تێچووی بیناسازییەکەیە. خەڵک دەسەڵاتی دروستکردنی خانوویان نییە. بانکە کان بۆ لەو 900 تریلیۆن تمەنەی بۆیان دانراوە بە قەرز بیدەن بە خەڵک بۆ بیناسازی، تەنیا 43 تریلیۆن تمەنیان داوە؟ ئاوا بکەن ئەم پرۆژەیەش وەکو خانووبەرەی مێهری لێدێت، نەک بە چوار ساڵ تەواو نابێت، بەڵکو چواردە ساڵی پێدەچێت".
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی خانووبەرە لە دوایین مانگی هاوینی ئەمساڵدا زیاتر لە 100٪ بەرزبووەتەوە و لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، مامناوەندی کرێی خانوو، شەش بۆ حەوت هێندە زیادیکردووە.