حکومەتی ئێران نرخی ئینتەرنێت گراندەکات؛ هۆشداری لە دروستبوونی ناڕەزایەتیی شەقام دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێران سەرەرای خاویی ئینتەرنێتەکەی، ئێستا کێشەی گرانیشی هاتووەتەسەر، پاکێجەکانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بەڕێژەیەکی بەرچاو گرانکراوە، سەرباری ئەوەش دەبێت بەکارهێنەر فیلتەرشکێن (VPN) بە بڕە پارەیەک بکڕێت تاوەکو بتوانێت هەندێک لە ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنێت.
هەفتەی رابردوو بوو کە حکومەتی ئێران رایگەیاند، پاکێجەکانی ئینتەرنێتی مۆبایل 30% گران دەکات. بەڵام رۆژنامەی فەرهیختەگان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، "هەندێک پاکێج [ـی ئینتەرنێت] زۆر لەوە زیاتریش گران بوون."
پاکێجێک ئەگەر 50 گێگابایت بووبێت، 152% گران بووە، پێشووتر بە 119 هەزار تمەن بوو ئێستا بووەتە 300 هەزار تمەن. یان 10 گیگابایت لە هێڵی ئیرانسێڵ 111 % گران بووە، لە 36 هەزار تمەنەوە بووەتە 76 هەزار تمەن. تەنیا پاکێجی سێ گیگابایتەکەی 31% گرانتربووە.
سەرەڕای کڕینی پاکێجی ئینتەرنێت، بەکارهێنەر دەبێت فیلتەرشکێن (VPN)ـیش بکڕێت کە، هەر کەسێک لە ئێران دەبێت مانگانە بڕێکی زۆری داهات بۆ ئینتەرنێت، تەرخان بکات؛ کە رەنگە لە توانای هەندێک لە توێژە کەمداهاتەکاندا نەبێت.
لوتفوڵڵا سیاهکەلی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئینتەرنێت گران نەبووە، خەڵکی ئێران 10٪ مووچەیان بە ئینتەرنێت دەدەن، 10٪یش بۆ فیلتەرشکێن (VPN) خەرجدەکەن. فیلتەرشکێنەش بووەتە کێشە بۆ خەڵکی ئێمە، مووچەی خەڵک شتێکی ئەوتۆی لێ نامێنێتەوە."
شارەزایان دەڵێن، بە گرانبوونی ئینتەرنێت بەشێک لە کاروکاسبییەکان، بەتایبەت کارە بچووکەکان و کارەکانی نێوچەکانی وەکو کوردستان، دەکەونە مەترسییەوە. بەڵام کۆمپانیاکانی دابینکەری ئینتەرنێت، بەمجۆرە بیر ناکەنەوە.
خەلال بێهبوودی، بەڕێوەبەری ژمێریاری و کۆنترۆڵی هەمڕای ئەوەڵ، دەڵێت، "بە رێگاوە کە دەهاتم، نرخی پاکەتێک گوڵەبەڕۆژەی 100 گرامیم پرسی، کە 29 هەزار و 440 تمەن بوو، بەڵام کابرا دەیەوێت پاکێجێکی 5 گیگایی بەکاربێنێت، ئەویش هێندەی پاکەتە گوڵەبەڕۆژەییەک پارەی پێبدات؟"
حکومەتی ئێران لە بەرامبەر گرانکردنی هێڵی ئینتەرنێتدا بەڵێنی داوە لە ماوەی شەش مانگدا خێراییەکەی زیادبکات، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە، باوەڕ بەمە ناکەن، چونکە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا بەڵێنی بە خەڵک دابوو "ئینتەرنێتی خۆڕایی بە خەڵک بدات."
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "پێویستە خەڵک لانیکەم بە ئینتەرنێت رابگات، دەتوانین دواتر بڵێین چەند گیگا بەخۆڕایی بێت، ئەویش بۆ هەموو خەڵک، بەتایبەت کەمدەرامەتن."
هەندێک لە راگەیاندنەکانی ئێران دەڵێن، حکومەت بە گرانکردنی ئینتەرنێت، داهاتی زیاتری دەست دەکەوێت، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی فەرهیختەگان، داهاتی تۆڕی ئینتەرنێتی هەمڕای ئەوەڵ لە وەرزەکانی بەهار و هاوینی ئەم ساڵدا 500 ملیۆن دۆلار بووە، کە نزیکەی نیوەی چووەتە گیرفانی حکومەتەوە.
بەشێک لە هاووڵاتییانیش هۆشدارییان بە حکومەت داوە کە گرانکردنی ئینتەرنێت دەتوانێت ناڕەزایەتی لێبکەوێتەوە، چونکە ئێستا بەشێکە لە ژیانی خەڵک.