لە پارێزگاکانی عێراق بەبۆنەی کوژرانی خامنەیی یەک رۆژ پشوو راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، موقتەدا سەدر و لایەنە شیعەکانی عێراق ماتەمینیی گشتییان راگەیاند؛ لە پارێزگا شیعەنشینەکانی عێراق پشووی فەرمی راگەیێندرا و سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 1-3-2026 چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی راگەیاند و دەڵێت، "خوێنی خامنەیی وەک چرایەک بۆ هەموو نەوەکان دەمێنێتەوە و دەبێتە هاوارێک دژی ستەمکاران و داگیرکەران." هاوکات دەستەی حەشدی شەعبیش پرسەنامەیەکی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، یەکەمین کاردانەوەی فەرمیی لەسەر ئاستی عێراق نیشان دا و لە پەیامێکدا بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە عێراق راگەیاند. سەدر لە پەیامەکەی دا خامنەیی بە "زانای خواناس و موجاهیدی بەرگریکار" ناوبرد.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا، میسان، زیقار، بابل، دیوانیە، بەسرە و واست رایانگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت پشووی فەرمی بێت، وەک نیشاندانی ماتەمینی بۆ کوژرانی رێبەری باڵای ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ئێران 40 رۆژ ماتەمینیی گشتی و حەوت رۆژ پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند. سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە هەڕەشەیەکی تووند دا رایگەیاند: "لە هەر ساتێکدا بێت، گەورەترین و دڕندانەترین هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مێژوودا بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات."
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش جەختی کردەوە، کە کوژرانی خامنەیی دەبێتە خاڵی دەستپێکی "راپەڕینێکی مەزن" دژی ئەوانەی بە "ستەمکارانی جیهان" ناوی بردن.
رۆژی 28-2-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراوە.