عەلی ئەدیب: هێشتا زووە بۆ قسەکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە

رووداو- مەدا پرێس

ئەندامێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ قسەکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام زۆرینەی سیاسی ئامانجی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە، چونکە عێراق لە بەش بەشێنەی لایەنەکان رزگار دەکات.

عەلی ئەدیب کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات لە پارێزگای کەربەلا، رایگەیاند "ئامانجی تیرۆریستان تێکدانی رەوشی ئەمنی و بەشدارینەکردنی کۆمەڵگەی عێراقە لە پڕۆسەی سیاسی، بەڵام بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڵگەیەکی روونە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی".

ئەدیب گوتیشی "زۆرینەی سیاسی ئامانجی ئێمەیە بۆ رزگاربوون لە دەست بەش بەشێنەی فراکیسیۆنە سیاسییەكان، كە ناتوانن بەرگەی بەرپرسیاریەتی کارەکەیان بگرن، هەروەها دەمانەوێت لەرێگەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە عێراق بگەیەنینە ئاست وڵاتانی پێشکەوتوو".
 
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا عێراق لەسەر بنەمای تایفی و نەتەوەیی دابەشکراوە، بۆیە لەو قۆناخەدا پێویستیمان بە سازان و بەهێزکردنی متمانەو پێکهێنانی لیستی تێکەڵ لەسەرجەم تایفەکان و نەتەوەکان مەزهەبەکان هەیە".

دوێنێ چوارشەممە، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەچوو. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش رایگەیاند، 12 ملیۆن و 165هەزار و 532 دەنگدەر بەشداری پرۆسەكەیان كردووە و رێژەی دەنگدانی گشتیش گەیشتە نزیکەی %60.