راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق: تاوەکو سێ ساڵی دیکە گازی هاوەڵی سووتێندراومان نامێنێت


رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگە دەڵێت، ئەو ئاوەی لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەدرێتە عێراق، کەمترە لە پشکی خۆی، ئەمەش زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەکات. دەشڵێت، تاوەکو سێ ساڵی دیکە عێراق هەموو گازی هاوەڵی کە ئێستا دەسووتێت، وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
 
رۆژی هەینی، 1-12-2023، عەلی لامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگە لە کۆپ 28، کە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشداریکرد، باسی ئەو ئاڵنگارییە ژینگەییانەی کرد کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.
 
راوێژکارەکەی محەممەد شیاع سوودانی گوتی، بەهۆی گرنگیی کۆنفرانسەکە و بایەخی عێراق وەکو یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بەردەکەوێت، عێراق بە شاندێکی گەورە لە چەند لایەنێکەوە بەشدارە، لەوانە شاندێکی حکومەتی ناوەندیی و شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی پەرلەمانیش.
 
عەلی لامی ئاماژەی بەوەدا، بایەخی ئەو بەشداریکردنە بەو چڕییە بۆ ئەوەیە عێراق وەکو وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت گرنگە ئامادەبێت بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی، چونکە بەداخەوە سووتەمەنیی کانەکان زۆر جار لەم جۆرە کۆنفرانسانە دەکرێتە ئامانج، بۆیە شاندی وزەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە گەورەترینی شاندەکانە، هەروەها بۆ جەختکردنەوەی پابەندبوونی عێراقە بە بڕیارەکانی رێککەوتنامەی پاریس و رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەتننامەکانی دیکە.
 
سەبارەت بە پابەندییەکانی عێراق بەرامبەر بە ژینگە، عەلی لامی گوتی: "حکومەتی عێراق زۆر پڕۆژەی بەجێگەیاندووە و بەشێکیان بودجەی گەورەیان بۆ تەرخانکراوە و بەشێکیان گرێبەستیان بۆ کراوە، لێرەدا دوو نموونەی زۆر گرنگ باس دەکەین، یەکەمیان حکومەت شەش گرێبەستی کردووە بۆ وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ و هەروەها چەندین گرێبەستی بە ملیارەها دۆلار کردووە بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە رێگەی وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوە، ئەوە جگە لەوەی عێراق پابەندبوونەکانی زیاتر کردووە لە کەمکردنەوەی رێژەی دەردانی گازەکان."
 
عەلی لامی دەشڵێت، وڵاتەکەی پڕۆژەکانی لەبوارەکانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوە جێبەجێ دەکات لەوانە بەکارهێنانی شێواز و رێگەی نوێ بۆ ئاودێری و بەکارهێنانی ئاوی قورس و چەندین پڕۆژەی دیکە، ئەوەش لەپێناو خۆگونجاندنە لەگەڵ شێوازە نوێیەکانی بەکارهێنانی سامانەکان، وەزارەتی نەوت چەندین گرێبەستی کردووە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان. ئەوەش بە قسەی ئەو، لە رێگەی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵەوە. دەشڵێت، وڵاتەکەی هاوردەکردنی شێوازە نوێیەکانی بەکارهێنانی وزەشی لە باجەکان بەخشیوە، لەوانە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و شتی دیکەش.
 
لە دوبەی، لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، کە بە کۆپ 28 ناسراوە.
 
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
 
ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا گەورە و قورسن و پێویستیان بە بڕیار و کرداری بە پەلەیە. ئەمە تێگەیشتنی خودی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کاتێك هەفتەی رابردوو سەردانێكی مەیدانیی بۆ جەمسەری باشوور کرد و توانەوەی لە رادەبەدەری بەستەڵەکانی بینی.
 
لە کۆپ28ی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تاوەکو 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە ساماندارەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن.
 
عەلی لامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی وادەی نوێ لەبارەی کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان کرد و رایگەیاند: "ئێمە لەماوەی سێ ساڵدا هیچ گازێکمان نابێت بسووتێت، بەپێی ئەو گرێبەستانەی کراون، وەبەرهێنانیان تێدا دەکرێت، هەروەها تاوەکو ساڵی 2023 هیچ گازێکی میسان دەرنادەین و بەڵێنمان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو بوارە داوە، تاوەکو ئەو ساڵە سێ لەسەر چواری وزەکانمان لە رێگەی وزەی نوێبووەوە دەبێت."
 
سەبارەت بە گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "کەمیی پێدانی ئاو بە عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر عێراق زیاتر کردووە و وەڵامدانەوەمان بۆ ئەو مەبەستە قورستر بووە، بۆیە سەرۆکوەزیران باسی ئەوەی کردووە پرسی ئاو دەبێت گرنگترین شت بێت کە بایەخی پێدەدرێت و لە گوتاری شاندەکان باسی بابەتی ئاو دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە بابەتێکی سەرەکی لە رێککەتننامەکانی کەشوهەوا، بەداخەوە وڵاتان بابەتی ئاویان پەراوێز خستووە و زیاتر بایەخ بە بابەتی سووتەمەنی دەدەن."
 
سندووقی قەرەبووکردنی وڵاتە هەژارەکان لە کۆپ 28 راگەیێندرا و بریتییە لە پارەیەک کە وڵاتانی دەوڵەمەند دەیدەنە وڵاتە هەژارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتە و زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دابینی دەکەن. هەر لە کاژێرە سەرەتاکانی راگەیاندنی سندووقەکە سەرووی 420 ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە.
 
سەبارەت بە سوودمەندبوونی عێراق لەو سندووقە، عەلی لامی گوتی، وڵاتەکەی پێویستی بە پارەپێدان نییە، ئەوەی پێویستیەتی تەکنەلۆژیایە، دەشڵێت: "چەندین سندووقی بەخشین هەیە، لەوانە سندووقی ژینگەی سەوز، سندووقی گونجان، ئێمە پێویستمان بە پڕۆژەی هاوبەشە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لایەنی تەکنیکی و هونەرییە، دەمانەوێت تەکنەلۆژیا بگوێزرێتەوە، هەوڵدەدەین تەکنەلۆژیای نوێ بگوێزینەوە بۆ ئەوەی هاریکارمان بێت لە بەکارهێنانی شێوازی نوێ، بەشێک لە پڕۆژەکان بەتەواوەتی لەلایەن ئەو سندووقانەوە دابین دەکرێن، بەشێکی دیکەشیان بە هاوبەشی دەبێت، بۆیە عێراق نەهاتووە بۆ ئەو کۆنفرانسە بۆ ئەوەی پارەی دەستبکەوێت، بەڵکو زیاتر مەبەستیەتی تەکنەلۆژیای نوێی بۆ بێت."
 
عەلی لامی ئاماژەی بە کەمئاوی و کاریگەریی لەسەر ئاوارە بوون کرد و گوتی: "ئێمە لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق کێشەی کەمئاوییمان هەیە و خەڵک بەهۆیەوە بژێویی ژیان لەدەستدەدەن، بۆیە بەرنامەمان هەیە کە چۆن رووبەڕووی دیاردەی ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا ببینەوە، چونکە لەلایەنی ئەمنیش کێشە دەبێت، رەنگە لەسەر بابەتی دابەشکردنی ئاو کێشە و ناکۆکی لەنێوان خەڵک دروست بێت، هەموو خەڵک دەیەوێت کشتوکاڵ لە ناوچەکەی خۆی بکات، بۆیە هەوڵی نێوخۆیی و هەوڵمان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە کە عێراق دەیەوێت شوێنەواری زیانەکانی کەمبکاتەوە."
 
لامی نەیشاردەوە کە عێراق لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو کێشەی زۆری هەبووە و بۆ ئێستا و داهاتووش کۆمەڵێک رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ باش بەڕێوەبردنی دۆسییەکە و دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی بۆ کەمئاوی لە عێراق ئەوەیە، کە یەکەم دابەشنەکردنی دادپەروەرانەی ئاوە لەگەڵ عێراق، وڵاتانی دراوسێ کاتێک دادپەروەر نین و نیوە یان کەمتری بەشە ئاومان دەدەنێ ئەوا کاریگەر دەبین، هۆکاری دووەم گۆڕانی کەشوهەوایە، بۆیە ئێستا حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی بایەخی زۆر دەدات بەوەی قەرز بەو جووتیارانە بدرێت کە شێوازی نوێ و تەکنیکی نوێ بەکاردەهێنن."