هەواڵگریی عێراق دەستگیرکردنی حەوت ئەندامی داعشی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەڵێت، حەوت ئەندامی داعشی لە بەغدا، کەرکووک، نەینەوا و ئەنبار دەستگیرکردووە.
 
رۆژی سێشەممە 02-01-2024، راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، "حەوت ئەندامی داعشمان لە بەغدا، کەرکووک، نەینەوا و ئەنبار دەستگیرکرد کە هێزە ئەمنییەکانیان بە ئامانج گرتبوو".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئەو ئەندامانەی داعش لە چەند بۆسەیەک لەلای راستی موسڵ، هەردوو ناحیەکانی مشاهەدە و فورات و لە هەردوو خاڵی پشکنینی شەهید سەبهان و تەڕکەلان دەستگیرکراون".
 
هەواڵگریی سەربازیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "داعشە دەستگیرکراوەکانمان بە تاوانی تیرۆر رادەستی لایەنە داواکارەکان کرد، تاوەکو بیاندەنە دادگە".
 
رۆژی 27-12-2023، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هەواڵگرى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دژە تیرۆرى سلێمانی، لە ئۆپەراسیۆنێکیدا، تۆڕێکى چوار کەسییان لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە کە بەشدار بوون لە چەندین "هێرشی تیرۆریستى".
 
هەروەها رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2023، لەنێو بازاڕی لەنگەی کەرکووک تەقە لەدوو کارمەندی پۆلیس کرا و یەکێکیان کوژراو و یەکێکی دیکەشیان برینداربوو، دوو هاووڵاتیی دیکەش کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوون، بە سووکی بریندار بوون.
 
لە 1ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سنووری کەرکووک چوار کەسمان بە مادەی 4ـی تیرۆر دەستگیرکرد، یەکێکیان ئەندامی ئەو گرووپەیە کە رۆژی 28-12-2023 لە نێو بازاڕی لەنگەی کەرکووک پۆلیسێکیان کوشت و پۆلیسێک و دوو کەسی دیکەشیان بریندار کرد".