بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانتار غاندی کەسنەزانی لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانتار غاندی کەسنەزانی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەغدا لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار، شۆفێری مۆتۆڕسکیلێکی دیلیڤەری لە دەرگای ماڵی بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانتار غاندی کەسنەزانی داوە و دوای ئەوەی منداڵێکیان دێتە دەرەوەی بۆ ئەوەی بزانێ کێیە، شۆفێری مۆتۆڕسکیلەکە پێی گوتووە، کە محەممەد ئیسماعیل داوای خواردنی کردووە، بابێت وەریبگرێت"، بەڵام محەممەد ئیسماعیل گومانی بۆ دروستبووە و بە چەکەوە هاتووەتە بەر دەرگا.
دوای شەڕی دەست و یەخەی نێوانیان، شۆفێری مۆتۆڕسکیلەکە سێ گوللەی بەڕووی بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانتار غاندی کەسنەزانی تەقاندووە و هەڵاتووە".
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئەو خەڵکانەی لەسەر جادەکە بوون، هەوڵیانداوە مۆتۆڕسکیلەکە بووەستێنن و لەسەر مۆتۆڕسکیلەکە خستوویانەتە خوارەوە، دواتریش رادەستی بنکەی پۆلیسی غەزالییەیان کردووە، تاوانلێکراویش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە".
بەگوتەی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، "گولـلەکان بەر قاچی محەممەد ئیسماعیل کەوتوون و مەترسیی گیانی لەسەر نییە، بەڵام نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت"، گوتیشی، "بڕیارە ئەوان دواتر بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکەن و رایانگەیاندووە، "کێشەیان لەگەڵ کەسدا نییە و هەوڵیانداوە بەردەوام پەیوەندیی باشیان لەگەڵ هەموو لایەکدا هەبێت".