لیژنەیەکی حەوت کەسی بۆ سەرپەرشتیکردنی خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر پێکهێندرا
رووداو- هەولێر
ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە وەزیری موقتەدا سەدر دەناسرێت، حەوت کەسی لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر دیاریکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتەکە. ئەو لیژنە حەوت کەسییە بەرپرس دەبێت لە رێکخستن و کارە تەکنیکییەکانی مانگرتووان.
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئابی 2022، ساڵح محەممەد عێراقی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ناوی ئەو کەسانەی ئاشکراکرد کە لە لیژنەیەکدا رێکخراون بۆ سەرپەرشتیکردنی خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر کە بە شۆڕشگێڕانی موحەڕەمی حەرام ناویبردوون.
وەزیرەکەی سەدر دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و لەپێناو رێکخستن و بەردەوامیدانی مانگرتنە میللییەکانی شۆڕشگێڕانی موحەرەمی حەرام، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە و پێشکێشکردنی هەموو ئەرکەکانی تایبەت بە رێکخستن و کارە تەکنیکییەکانی پەیوەندیدار بە مانگرتووان."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە سەرجەم لێدوانە میدیاییەکان و ئاڕاستەکردنە تایبەتەکان تەنیا لەڕێگەی وەزیری سەرکردە "حاجی ساڵح محەممەد عێراق"ی یەوە بێت.
ساڵح محەممەد عێراقی ناوی ئەندامانی لیژنەکەشی دیاریکردووە کە ئەمانەن:
1- حازم ئەعرەجی
2- ئیبراهیم جابری
3- حاکم زملی
4- شێخ محەممەد عەبوودی
5- تەحسین حمێداوی
6- حەسەن کوڕی شێخ عەلی کەعبی
7- شەیما عوبەیدی
ئەو راگەێیندراوە دوای ئەوە هات کە هەر ئەمڕۆ وەزیرەکەی سەدر داوای لە خۆپێشاندەران کرد لە پەرلەمان بچنە دەرەوە کە لە رۆژی 30ی تەممووزەوە تێیدا دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، بەڵام زۆری پێنەچوو، ئیبراهیم جابری، بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەغدا روونکردنەوەی لەبارەی راگەیێندراوەکەی محەممەد ساڵح عێراقییەوە بڵاوکردەوە و گوتی: "خۆپێشاندەران تەنیا هۆڵی پەرلەمان چۆڵ دەکەن، نەوەک هەموو پەرلەمان."
خۆپێشاندەرانی لایەنگری رەوتی سەدر لە 30ـی تەممووز چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بۆ رێگرتن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کە مەرجە بۆ راسپاردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.