وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 17٪ى تووندوتیژییەکان لەلایەن ژنانەوە دەکرێنە سەر پیاوان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لەم ساڵدا رێژەى تووندوتیژیی ژنان بەرامبەر بە پیاوان 17٪ بووە لەکاتێکدا رێژەى تووندوتیژى پیاوان بەرامبەر بە ژنان 57٪ بووە.
لیوا عەدنان سەلامى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنى خێزان و منداڵ لە تووندوتیژیی خێزانى کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆی عێراقە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، 57٪ى ئەو تووندوتیژییانەى کە لەم ساڵدا تۆمارکراون، پیاوان لە دژى ژنان کردوویانە و 17٪ش ژنان لە دژى هاوژینەکانیان کردوویانە.
لیوا عەدنان سەلامى گوتیشى: "10ى تووندوتیژییەکان لە دژى پیاوان لەلایەن منداڵەکانیانەوە بووە، لەکاتێکدا رێژەى تووندوتیژى باوک بەرامبەر منداڵەکانى 8٪ بووە و تووندوتیژیەکانى دیکە 8٪ بووە".
لەساڵى 2020ـەوە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاساى رێگرى لە تووندوتیژیی خێزانى ئاڕاستەى پەرلەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسند نەکراوە.
بەگوێرەى مادەى 41ى یاساى سزادانى عێراقى، لێدانى پیاو لە هاوژینەکەى یان منداڵەکانى لە سنوورێکى دیاریکراودا بەمەبەستى ئامۆژگاریکردن رێگە پێدراوە.