رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووری عێراق لە ئەنبار هەوڵێک بۆ بەقاچاخبردنی 80 هەزار دەنک حەبی هۆشبەر پووچەڵ دەکاتەوە کە هەوڵدراوە لە رێگەی باڵۆنەوە دزەی پێ بکرێتە ناو سنووری عێراقەوە.
2ی تشرینی یەکەمی 2025، فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی رێگری لەو بەقاچاخبردنەی بڵاو کردووەتەوە.
پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵە لەلایەن لیوای شەشی پاسەوانی سنوور بووە لە ناوچەی دوو کە لە سنووری پارێزگای ئەنبارە.
ئەو 80 هەزار دەنک حەبە خراوەتە نێو کیسەی بچووکەوە و لە رێگەی ئەو باڵۆنەوە هەوڵدراوە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ بێت.
راگەیاندنی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شکستپێهێنانی ئەو هەوڵەی بەقاچاخبردنی حەبە هۆشبەرانە لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سووریا و ئوردن ئەنجام دراوە و پێشبینی دەکرێت لە سووریاوە ئاڕاستەى عێراق کرابێت. ئەوە دووەم پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنە بەسەر مادەی هۆشبەر کە بەو شێوازە هەوڵ درابێت دزەی پێ بکرێتە عێراقەوە."
لە 24ی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق، دەستی بەسەر 245 هەزار دەنک حەبی کاپتاگۆندا گرت، کە هەوڵدرابوو لە رێگەی باڵۆنەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
بە گوتەى راگەیاندنی پاسەوانی سنوور پێشتر لە رێگەی درۆنەوە ئەو ماددە هۆشبەرانە بە قاچاخ دەبرانە عێراقەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی درۆن دەنگی هەیە و ئاشکرا دەبوو، بۆیە ئێستا قاچاخچییەکانی ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرانە پەنایان بۆ باڵۆن بردووە کە دەنگی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ