فەرماندەی ناتۆ لە عێراق: وەزارەتی پێشمەرگە داوای هاوكاریی لە ناتۆ نەكردووە

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق رایگەیاند، هەرچەند هیشتا دیار نییە، بەڵام لەوانەیە تاوەكو پێنج ساڵی دیكە لە عێراق بمێننەوە، تاوەكو بەرنامەی چاكسازیی سیستەمی بەرگری و ئاسایش سەردەگرێت؛ دەشڵێت "وەزارەتی پێشمەرگە داوای هاوكاریی لە ناتۆ نەكردووە".

جێنی كاریگنان، فەرماندەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق كاژێری سێی دوانیوەڕۆی رۆژی 27ی ئوكتۆبەری 2020 لە پانێلێكی ڤیدیۆیی (ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو)دا باسی لەوە كرد كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە قۆناخی گواستنەوەدایە و لە چەند مانگی داهاتوودا قەبارەی هێزەكانیان لە عێراق كەمدەكەنەوە. گوتیشی "بۆ ئەم گواستنەوەیە، ئێمە لە نزیكەوە هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەكەین. ئامانجی ناتۆ ئەوەیە كە بتوانێت بەبێ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش ئەركی خۆی راپەڕێنێت. ئێمە دەمانەوێت بمێنینەوە. ناتوانم كاتێكی دیاریكراو بڵێم، بەڵام لەوانەیە تاوەكو پێنج ساڵی دیكە بمێنینەوە. ئامانجەكە ئەوەیە چاكسازی سەربخەین و دواتر بۆ قۆناخێكی درێژخایەن، لە برۆكسلەوە ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت. هەروەك چۆن ئێستا ئوردن ناوبەناو داوای شارەزای ناتۆ بۆ راهێنان بە هێزەكانی دەكات".

جێنی كاریگنان لەو پانێلەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا جەختی لەوەش كرد كە لەسەر "داوای حكومەتی عێراق، وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە رۆژانی رابردوودا رەزامەندییان نیشانداوە بۆ فراوانكردنی ئەركی ناتۆ بەجۆرێك كە ژمارەی راوێژكارەكان زیادبكات و بواری دیكەی ئاسایش وەكو وەزارەتی ناوخۆ بگرێتەوە، بۆیە ئەركی ئێمە لە چەند مانگ و ساڵی داهاتوودا فراوانتر دەبێت".

ناتۆ لە عێراق راوێژكارە نەك شەڕكەر

سەبارەت بە كار و ئەركی ناتۆ لە عێراق، كاریگنان گوتی "ئەركی ناتۆ لە عێراقدا راوێژكارییە و شەڕكەر نییە. راوێژ دەداتە وەزارەتی بەرگریی عێراق تاوەكو چاكسازی بكات". باسی ئەوەشی كرد كە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا لە بوارەكانی وەكو دژایەتیكردنی گەندەڵی، باشتركردنی بەڕێوەبردنی توانا مرۆییەكان و راهێنانەكان، سیاسەت و ستراتیژ، یاسای پێكدادانی چەكداری، سەركردایەتیكردن، ژن، ئاشتی و ئاسایش، پەروەردەی پرۆفیشناڵی سەربازی كاردەكەن.

كاریگنان گوتی، لە 20 ساڵی رابردوودا، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە چەندین جەنگدا بەشداربووە، ئەمەش وایكردووە نوێبوونەوە و چاكسازی تێیدا ئاسان نەبێت، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە كە نوێبكرێتەوە و كار لەسەر چاكسازیی درێژخایەن بكرێت.

ئەوەشی راگەیاند كە تاوەکو ئێستا راهێنانیان بە راهێنەرانی 11 شوێنی راهێنانی تەكنیكی لە بواری لۆجستیك، پووچەڵكردنەوەی بۆمب، ئەندازیاری و پزیشكی كردووە، لەنێو وەزارەت و پەروەردەی سەربازیی زانكۆی بەرگریی عێراقیش كاریان كردووە؛ چونكە زانكۆكانی بەرگریی عێراق پێویستیان بە نوێكردنەوە و گۆڕینی پرۆگرامە.

فەرماندەی ناتۆ لە عێراق چاكسازی لە بواری ئاسایش وەكو بابەتێكی گرنگ هەژماركرد و گوتی "زۆر گرنگە بۆ حكومەتی كازمی هانی ئەوە بدات كە چاكسازی لە بواری ئاسایشدا بكرێت. هەستیشمان بەوە كردووە كە كازمی بایەخی تایبەت بە هەندێك لەو بوارانە دەدات. بۆ نموونە لە مژاری دژایەتیی گەندەڵیدا كازمی فەرمانیداوە بەرنامەی ناتۆ لەنێو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا جێبەجێ بكرێت". باسی لەوەش كرد كە چاكسازی لە بواری ئاسایش و بەرگریدا بەرنامەی درێژخایەنی دەوێت، لەبەرئەوەش ناتۆ چەند ساڵێك لێرە دەبێت تاوەكو ئەوە سەردەگرێت. گوتیشی، ناتۆ ئەم بەرنامەی چاكسازیەی لە 19 وڵات جێبەجێدەكات و سەلماندوویەتی بەرنامەكەی سەركەوتووە.
 
ناتۆ هەست بە كاریگەریی ئێران ناكات لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دا
 
فەرماندەکەی ناتۆ لە عێراق جەختی لەوە كردەوە ''لەنێو وەزارەتی بەرگری عێراقدا ئێستا هەست بە هەبوونی كاریگەریی ئێران ناكەم. ئەوەی لە هاوتا عێراقییەكان و سەرکردایەتیی باڵای عێراق تێگەیشتووم ئەوەیە کە حەزێكی گەورەیان هەیە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی ناتۆ، بۆ تێگەیشتن لە هەیکەلیەت و مۆدێلەكانی ناتۆ بۆئەوەی بتوانن مۆدێلی خۆیان دیاریبكەن و لەگەڵ ناتۆدا لە داهاتوودا کاربكەن، جا وەکو بەشێک لە راهێنانەکان یان بڵاوەپێکردنی هێزەکان بێت''.

فەرماندەی ناتۆ باسی لە حەشدی شەعبیش كرد و گوتی ''فۆكەسی ئەوان لەسەر پشتگیریکردنی ئەو هێزە ئەمنییە عێراقیانەیە كە بە فەرمی سەر بە حكومەتی عێراقن. حەشدی شەعبی هێزێكی فەرمیی سەر بە حكومەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتۆ ئێستا بەرنامەی كاری لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە. مەسەلەی بەدامەزراوەییكردن و پرۆفیشناڵكردنی هێزەكانی حەشد لەسەر داوای حکومەتی عێراق، دەکرێت ببێتە بەشێك لە ئەركی ناتۆ لە داهاتوودا''.

جێنی كاریگنان دەڵێت، یەكێك لەو شتانەی كە گرنگە حەشد هەیبێت بەڕێوەبردنی توانای مرۆییە بۆئەوەی بزانێ كێ سەر بە هێزەكانیانە، چەند كەسن و تایبەتمەندی و شارەزاییان چییە. جەختیشی لەسەر ئەوە كرد ''هەر هێزێكی چەكدار جا هەر ناوێكیان لە خۆیان نابێت ئەگەر لەژێر كۆنترۆڵی حكومەت نەبن ئەوا هەڕەشەن بۆسەر هەمووان، بەتایبەت زیاتر بۆ خودی عێراقییەکان''.
 
وەزارەتی پێشمەرگە داوای هاوكاریی لە ناتۆ نەكردووە

سەبارەت بە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش گوتی ''تاوەكو ئەو جێگەیەی ئاگاداربم وەزارەتی پێشمەرگە هیچ داوایەكی لە ناتۆ نەكردووە تاوەكو هاوكارییان بكات''. سەبارەت بەوەی ئایا لە داهاتوودا ئەرکی ناتۆ هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە باسی لەوە کرد "ئەمە ئێستا یەکێکە لە شتە نادیارەکان، وەکو بەشێک لە قۆناخی گواستنەوە دا، چۆن ئەمە لە داهاتوودا دەکرێت پێویستە بزانین چۆن دەبێت، بەڵام ئێستا وەڵامی ئەمەم لەلا نییە، ئەمە پێویستە زیاتر گەشەی پێبدرێت لە نێوان حکومەتی عیراق و ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش''.

فەرماندەی ناتۆ لە عێراق باسی لە هێرشی چەكداریی میلیشیاكان كرد بۆسەر هێزەكانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و گوتی ئێمە ئەو پەلامارانە بە جیددی وەردەگرین، بەڵام حكومەتی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە ئاسایشی هیزەكانمان دابین دەكات. جێگۆڕكێی راهێنەرەكان لەبەر دۆخی ئەمنی و هەندێك چالاكیی ئۆنلاینیش لەبەر كۆرۆنا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكەدایە.

سەبارەت بە داعش، فەرماندەی ناتۆ لە عێراق گوتی "داعش تێكشكێندراوە، بەڵام هێشتا دەتوانێت پەلاماربدات. هەڵبەت ئەوە لەچاو مەترسییەكەی پێشوویان سنووردارە. توانای هێزە عێراقییەكان ئێستا زۆر باشە، زۆر چالاكیی سەربازی هەر خۆیان بە تەنیا لەگەڵ كەمێك پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەنجامیدەدەن".

رێككەوتن و هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقیشی بە گرنگ زانی و گوتی "لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هەندێك رێككەوتنی ئەمنیی باش كراون، وەكو دروستكردنی سەنتەری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكان لەگەڵ چەندین هێزی دیكەدا، لەوانەش هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها رێككەوتنی شنگال. ئەمانە هەمووی هەنگاوی دڵخۆشكەرن، چونكە داعش هەر بۆشاییەكی ئەمنی لەو ناوچانەدا دەقۆزێتەوە. دروستكردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هاوئاهەنگیی دیكەی ئەمنی ئەو بۆشاییە پڕدەكاتەوە".