رووداو ڤیدیۆی خۆکوژێکی داعش پێش کوژرانی بڵاودەکاتەوە

رووداو - رومادی 

هێزە عێراقییە هاوبەشەکانی پارێزگای ئەنبار توانیان لەچەند میحوەرێکی رومادیدا پێشکەوتنی بەرچاو تۆماربکەن، لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەیەکی زۆر لە خۆکوژ و چەکداری داعشیان کوشتووە کە ڤیدیۆی یەکێک لەو خۆکوژانە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.

تۆڕی میدیایی رووداو ڤیدیۆیەکی پێگەیشتووە کە لە مۆبایلی چەکدارێکی کوژراوی داعشدا تۆماربووە، ئەمەش دوای کوژرانی لەلایەن سوپای عێراقەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا باس لەو کردەوە خۆکوژیانە دەکرێت کە داعش بەنیازە ئەنجامیان بدات و ئەو رێگایانەش کە بەهۆیانەوە ئەنجامیان دەدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزە عێراقییەکان ئامادەسازی دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی فراوان لە رومادی و داواشیان لە خەڵکی شارەکە کردووە" لە رێگایەکی سەلامەتەوە شارەکە چۆڵ بکەن" بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ژیانیان بکەن لەکاتێکدا شەڕ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە دەستی چەکدارانی داعش، دەستپێدەکات.