وەزارەتی دەرەوەی عێراق: رێککەوتی هەسەدە و سووریا ئاماژەیە بۆ گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کرد بۆ راگرتنی شەڕ و رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە هەنگاوێکی ئەرێنییە و ئاماژەیە بۆ گرنگیی پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا.
 
سێشەممە 3ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێنراوێکی لەباری ئەو رێککەوتنە بڵاوکردەوە کە 30ی کانوونی دووەم لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا واژۆ کرا.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە رێککەوتنەکە کردووە، بەو لێکتێگەیشتنانەشیەوە کە لەخۆی دەگرێت، کە تایبەتن بە تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و رۆڵبینینی لە بەهێزکردنی سەقامگیری و پاڵپشتی رێگەی چارەسەری سیاسی لەو وڵاتەدا.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە ئەو رێککەوتنە هەنگاوێکی ئەرێنییە کە ئاماژەیە بۆ گرنگی پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرجەم لایەنەکانی سووریا، بە شێوەیەک کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەستبەر بکرێت و گەرەنتی بەشدارپێکردنی دادوەرانەیان بکرێت لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
 
هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سووریا رێککەوت کە چوار لیوای لەنێو سوپادا هەبێت و هێزەکانیان لە هێڵی بەریەککەوتنی نێوانیان بکشێننەوە و دامەزراوە کارگێڕییەکان تێکەڵ بکرێن و گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەدەنگەوەهاتنی لایەنە سووریاییەکانی بە بەرز نرخاند بۆ هەوڵی سەرکردەکان لە عێراق، کە بە رۆڵبینین لە رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە، لە سۆنگەی رۆڵی پاڵپشتیکاری عێراق بوو بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.