کەسێک لە نەجەف دەستگیرکرا کە خۆی بە باڵیۆزی ئیمام مەهدی ناساندووە
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە پارێزگای نەجەف دەستگیرکرا، کە لە رێگەی چەند پەیجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە باڵیۆزی پێنجەمی ئیمام مەهدییە و گوایە لە یەکێک لە بازاڕەکانی ئەو شارە دیداری لەگەڵدا دەکات.
پۆلیسی نەجەف رایگەیاند، چاویان بە چەند کەسێک کەوتووە، بە نامەی نووسراو و دەنگی قسەیان لەگەڵ ئەو کەسە کردووە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە ئەو کەسە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری خۆی ئەو کارەی کردووە.
بەگوێرەی دانپێدانانی کەسەکە کە پۆلیس بڵاوی کردووەتەوە، بەو کەسانەی گوتووە کە پەیوەندییان پێوە کردووە، لە بازاڕی "حوەیش" لە نەجەف ئیمام مەهدی دەبینێت.
هەڵبژاردنی ئەو بازاڕە لە لایەن ئەو کەسەوە بە گوتەی خۆی لەبەر ئەوە بووە کە کامێرای چاودێری تێدا نییە، تاوەکو داوای بەڵگەی لێنەکەن لەبارەی ئەو بانگەشەیەی دەیکات.
ئەو کەسە بەگوێرەی یەکێک لە بڕگەکانی مادەی 372ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە پێشێلکاری لەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە سروتە ئایینییەکان و تێکدانى، کە سزاکەی بەندکردنە بەو مەرجەى لە سێ ساڵ تێپەڕ نەکات.
ئیمام مەهدى دوازدەمین و دوایین ئیمامى شیعەکانە، کە پەیڕەوکارانى ئەو مەزهەبە پێیانوایە دەگەڕێتەوە.