هێزە عێراقییەکان سەربازگەی هیت کۆنترۆڵ دەکەنەوە

 رووداو - ئاژانسەکان

شانەی راگەیاندنی جەنگی کۆنترۆڵکردنەوەی سەربازگەی مەشق و راهێنانی شارۆچکەی هیتی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لەژێر دەستی داعش راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی جەنگی رۆژی یەکشەممە 3-4-2016 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند"هێزەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر توانیویانە سەربازگەی مەشق و راهێنانی شارۆچکەی هیت لە باکووری رۆژئاوای شارۆچکەکە لەژێر دەستی داعش کۆنترۆڵ بکەنەوە".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بەپشتبەستن بە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی و ئاسایش، فڕۆکە F16ی هێزی ئاسمانی عێراقی چەندین هێرشیان بۆ سەر شارۆچکەی هیت ئەنجامداوە، بەوهۆیەشەوە زیانی زۆر بە چەکدارانی داعش گەیشتووە".

رۆژی شەممە 2-1-2016 مالوڵڵا عوبێدی، بەرپرسی حەشدی هۆزەکان رایگەیاندبوو "هێزە عێراقییەکان توانیویانە ناوچەکانی جەمعیە و گەڕەکی مەعامل لە شارۆچکەی هیت کۆنترۆڵ بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشدابوو، بەهۆی بوونی خەڵکی سڤیل لە نێو شارۆچکەی هیت پێشڕەوی هێزە عێراقییەکان بە ئاراستەی ناوەندی شارۆچکەکە لەسەرخۆیە.

شارۆچکەی هیت سەر بە پارێزگای ئەنبارە و لە شارەدێکانی، بەغدادییە، کوبەیسە وفورات پێکدێت.

رۆژی رۆژی هەینی 25-3-2016 شانەی راگەیاندنی جەنگی لە راگەیێندراوێکدا کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارەدێی کوبیسەی سەر بە شارۆچکەی هیتی پارێزگای ئەنباری لەژێر دەستی داعش راگەیاند.