دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: عەجاج دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە دژی گەلی کورد کردوونی


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەجاج ئەحمەد حەردان، تۆمەتباری دۆسیەی ئەنفال بەردەوامە، تۆمەتبارەکە دانی بەو تاوانانەدا ناوە، کە بەرامبەر زیندانیانی نوگرە سەلمان کردوونی. عەشیرەتی عوبێدش رەتیدەکەنەوە ئەوەی دەستگیرکراوە، عەجاجەکەی نوگرە سەلمان بێت.
 
رۆژی یەکشەممە 03-08-2025 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و بە حەجاجی نوگرە سەلمان ناسراوە، ئێستا لەلایەن دەزگاکەیان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەرشەد حاکم گوتی: "ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر بەخێرایی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بەتایبەت ئەو تاوانانەی دژی کورد کردوونی"، گوتیشی: "پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە قۆناخی کۆتایی دایە."
 
@rudaw.official خێڵی ئەو کەسەی بەناوی "عەجاج" دەستگیرکراوە و تۆمەتبار کراوە بەوەی "جەللادی نوگرەسەلمان"ی سەردەمی بەعسە، هاتوونەتە دەنگ و دەڵێن: ئەم عەجاجە ئەو عەجاجە نییە #رووداو #rudawdigital #rudawmedia ♬ original sound - Rudaw

پێنجشەممە، 31-07-2025 نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاند، "تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیركراوە."
 
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان دەكات پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو "تاوانبارە".
 
لەلایەکی دیکەوە خێڵی عوبێد رۆژی یەکشەممە 03-08-2025 روونکردنەوەیەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، عەجاجەکەی نوگرە سەلمان نییە و کەسێکی بێ تاوانە.
 
کەسایەتیی و ریشسپییەکانی خێڵی عوبێد، رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە شاری کەرکووک رایانگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی "عەجاج حەمید خەلەف عوبێدی"یە و جووتیارێکی سادەیە، کە بەهەڵە و تەنیا بەهۆی لێکچوونی ناوەوە، لەگەڵ "عەجاج ئەحمەد تکریتی" دەستگیرکراوە.
 
کەسایەتیی و ریشسپییەکانی خێڵی عوبێد دەڵێن، کە "عەجاج عوبێدی، لەدایکبووی ساڵی 1965ە، هەرگیز پلە و پۆستی سەربازی یان حیزبی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا نەبووە و ژیانی خۆی بە کشتوکاڵەوە بەسەر بردووە."
 
هۆزەکە داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە ئەمنییەکان دەکەن بەپەلە و بەپێی رێکارە یاساییەکان، وردبینی لە ناسنامەی کەسی دەستگیرکراو بکەن و ناوی چواری لەگەڵ تۆمارە فەرمییەکاندا بەراورد بکەن بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.
 
لە وەڵامی ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا ئەرشەد حاکم ئەم ئێوارەیە بە رووداوی راگەیاند، زانیاریی ئەو کەسایەتییانە ورد نییە.
 
خێڵی عوبێد بەڵگەنامەیەیان خستووەتە روو بۆ ئەوەی بسەلمێنن کە گیراوەکەیان ناوی تەواوی "عەجاج حەمید خەلەف عوبێدی"یە، نەک "عەجاج ئەحمەد تکریتی" کە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی ئەنفالە.