مارک ساڤایا بەکوردی: رێککەوتنەکەی عێراق و تورکیا بۆ ئاو هەنگاوێکی بەرچاوە

رووداو دیجیتاڵ
 
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، بە زمانی کوردی لە ئێکس پۆستێکی بڵاوکردەوە و دەستخۆشی لە هەردوو گەلی عێراق و تورکیا کرد بە بۆنەی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئاو.
 
لە راگەیەندراوەکەیدا، ساڤایا دەڵێت: "پیرۆزە لە هەردوو گەلی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا."
 
ناوبراو هەروەها دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق کرد و ئەو رێککەوتنەی بە رێککەوتنێکی بەرز نرخاند کە لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیادا واژۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
 
ساڤایا جەختی کردەوە: "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوام بە سەرچاوە ئاوییە گرنگەکان کە گرنگن بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان عێراقی کە بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە."
 
مارک ساڤایا پابەندبوونی بەهێزی ئەمریکای بۆ پشتیوانی لە عێراق و گەلەکەی دووپاتکردەوە "لەپێناو سەقامگیرییەکی زیاتر و خۆشگوزەرانی و ژینگەیەکی بەردەوامدا."
 
فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی یەکشەممە 2-11-2025 لە بەغدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
  
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا فوئاد حسێن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا باسی چەند تەوەرێکی جیاوازیان کردووە و گوتی: "بەتایبەتی هەڵوەستەمان لەسەر بابەتی ئاو کرد، کە پەیوەندیدارە بە هەردوو وڵات و پەیوەندیدارە بە هاووڵاتییانی هەردوو لا. پێشتریش لە ئەنقەرە و لێرەش باسی ئەو بابەتەمان کردووە و لە زۆر بابەتدا خاڵی هاوبەشمان هەبووە و گەیشتووینەتە رێککەوتن."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی، "بە پێویستمان زانی هەموو ئەو رێککەوتن و سازانە بخەینە سەر لاپەڕەی رێککەوتن و واژۆی بکەین. جا ئەمەش گرنگە بیڵێم کە رێککەوتنێکی 26 خاڵیمان لەگەڵ تورکیا هەیە. بە خاڵەکانی ئەو رێککەوتننامەیەدا چووینەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی پێویستی تێدا بکەین".