دادگەی فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژی 27ـی ئەم مانگە دواخست. راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "دواخستنەکە بۆ بڕیاردانی کۆتاییە."
 
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئارام نەجیب، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە و تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
وەعد مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 3-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادگەی فیدراڵی بڕیاردانی کۆتایی لەبارەی سکاڵاکەوە بۆ رۆژی 27ـی ئەم مانگە دواخست."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگەی فیدراڵی پێشنیازەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکانەوە پێگەیشتووە و ئەوە هۆکارێکی دواخستنی بڕیاری کۆتاییە و دەیەوێت تاوتوێی زیاتریان بکات و ئەگەری هەیە لەگەڵ پێکهاتەکانیش تاوتوێی زیاتری ئەو بابەتە بکرێت.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
 
رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.