گوتەبێژی عەبادی بۆ رووداو: بینالی یڵدرم هەفتەی داهاتوو دێتە بەغدا
رووداو- هەولێر
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت شەممەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی تورکیا دێتە عێراق.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رۆژی شەممە 7-1-2017 سەردانی عێراق دەکات".
پێشتر لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە رۆژی پێنجشەممە 5-1-2017 دێتە بەغدا بەڵام سەعد حەدیسی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتیکردەوە و گوتی: "ئێمە وادەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیامان رانەگەیاندووە، سەردانەکەیشی دوانەخراوە و بەپێی بەرنامەکەی سەردانەکە دەکات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بڕیاروایە سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدا بکات، بە دڵنیایشەوە لەو سەردانەی بۆ بەغدا سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات".