وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بارەگا ئەمنییەکەی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دەستدرێژی بۆ سەر پێکهاتەیەکی ئەمنیی سەر بە سەرۆکوەزیران و ژێر فەرمانی دەسەڵاتی دەوڵەت "پەرەسەندنێکی ترسناکە" و "بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بارەگە ئەمنییەکەی بەغدا دەکەین."
لە راگەیێندراوێکدا رۆژی پێنجشەممە، 04-01-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "جەخت دەکەینەوە، کە عێراق مافی خۆیەتی هەڵوێستی تووند بێت و هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر و بەرپەرچی ئەوانە بداتەوە، کە دەست بۆ خاک و هێزە ئەمنییەکانی دەبەن."
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 11:50 خولەک بە کاتی هەولێر، لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، دواتر بزووتنەوەی نوجەبا کوژرانی دوو فەرماندەی راگەیاند بە ناوەکانی ئەبوو تەقوا سەعیدی و یاریدەدەرەکەی بە ناوی ئەبوو ئیمتیحان کوژراون.
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەدوای هێرشەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە؛ کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی و جێگرەکەی، لەگەڵ برینداربوونی شەش کەسی دیکە.
لە راگەیێندراوەکەی یەحیا رەسوول هاتووە، "لە دەستدرێژییەکی زەقدا بەسەر سەروەریی عێراق و ئاسایشەکەی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کارێکی کرد، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کاری تیرۆرستی نییە و، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی لە بەغدای پایتەخت کردە ئامانج."
ئەو لیوایەی کراوەتە ئامانج، لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە، کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
شەوی چوارشەممە 03-01-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، بەرپرسیاریێتیی حکومەتی عێراقە، کە هەنگاو لە دژی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا بنێت. هەرکاتێکیش پێویست بکات دوودڵ نابن لە بەرگریکردن لەخۆیان.