دادگەى فیدراڵى سکاڵاى پارێزگارى نەینەواى لە دژى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى پارێزگارى نەینەواى لە دژى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایەى رەتکردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى پارزێگاوە دەرکراوە، ئەو بڕیارانەى بە "دروست" زانى.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ى ئادارى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵى لەبارەى ئەو سکاڵایە کۆبووەوە بەبێ دادبینى بڕیاری دا.
 
سکاڵاکە لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەینەوا لە دژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا تۆمار کرابوو، پارێزگار داواى کردبوو بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ى کۆبوونەوەى ژمارە 14ى ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەو سکاڵایەى رەتکردووتەوە و ئاماژەى بەوەداوە رەتکردنەوەکەوە بەهۆى ئەوە بووە، هیچ شتێکى تێدا نەبووە ئاماژە بێت بۆ نادروستى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا لەو دانیشتنەدا. 
  
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ى ئادارى 2025، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێت پارێزگار بڕیار بۆ ئەو گۆڕانکاییە کارگێڕیانە دەربکات، چونکە بەگوێرەى یاساى پارێزگاکان ئەو دادگەیە دواشوێنە کە بۆ تانەدان لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا پەناى بۆ ببرێت. 
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕیی کرد، بەڵام هاوپەیمانی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکانی بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە کرا.
 
پارێزگارى نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون.
 
26ى کانوونى یەکەمى 2024 دادگەى کارگێڕى سکاڵاى حەوت قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو.