سیستانی: ئەوەی لەپەرلەمان روویدا شکستێکی داخبار بوو

رووداو- هەولێر

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق رایگەیاند، بێتوانایی پەرلەمان لە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە یەکەم دانیشتنیدا بە شکستێکی داخباری دادەنێین.

لە گوتاری هەینی ئەمڕۆدا ئەحمەد سافی، یاریدەدەری سیستانی لە سەر زاری عەلی سیستانی رایگەیاند، رۆژی سیشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، خەڵکی گەشبین بوون و پێیانوابوو ئەمە سەرەتایەکی باش دەبێت. بەڵام ئەوەی روویدا لە هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی لەو دانیشتنەدا بە شکستێکی داخباری دادەنێین.

نوێنەرەکەی سیستانی داوای ئەوەشی کرد کە دەبێت حکومەتە نوێیەکە بە رەزامەندی هەموو لایەک بێت.

سێشەممەی رابردوو 1ی تەممووزی 2014، پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی  ئەنجامدا، بەلام بەهۆی دروستبوونی شەڕەقسەو دەمەقاڵێ لە نێوان ئەندامانی دانیشتنەکە بێ هیچ ئەنجامێک دانیشتنەكە دواخرا.