پلەی گەرما لە 9 پارێزگای عێراق بۆ 50 پلە و زیاتر بەرز دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی گشتیی کەشناسی عێراق رایگەیاند کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو  پلەی گەرما لە 9 پارێزگای عێراق دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و زیاتر، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "هێشتا لە پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان پلەکانی گەرما ناگاتە 50 پلە و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو لە چەند ناوچەیەکی وەکو گەرمیان بگاتە 45 پلەی سیلیزی."
 
رۆژی دووشەممە، 3-7-2023، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا پێشبینی دەکرێت رۆژانی داهاتوو پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەدا بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرزببنەوە و هەفتەی داهاتوو ژمارەی ئەو ناوچانەی ئەو پلەیە و 51 پلە تۆمار دەکەن زیاتر دەبن."
 
عامر جابری گوتی: "بەپێی پێشبینییەکانی بەشی پێشبینی دەستەکەمان چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی میسان و بەسرە بگاتە 50 پلە، بەڵام رۆژی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە 9 پارێزگای عێراق پلەکانی گەرما بۆ 50 پلە و زیاتر بەرببێتەوە کە ئەمانەن پارێزگاکانی بەغدا 50 پلە، کەربەلا 50 پلە، نەجەف 50 پلە، کوت 50 پلە، میسان 51 پلە، زیقار 51 پلە، بەسرە 50 پلە، موسەننا 50 پلە و  دیوانییە 50 پلە."
 
گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئاماژەی بەوەدا چاوەڕێیان دەکرد ئەمساڵ پلەکانی گەرما زووتر و لە مانگی ئایارەوە بەرزببێنەوە، بەڵام هاوین درەنگ هات. پلەکانی گەرمای مانگی حوزەیرانیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرز نەبوو.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە پلەی گەرما ئەم هەفتەیە لە ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەرزببێتەوە، بەڵام  ناگاتە پلەکانی تۆمارکراو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
دیلان رواندوزی، گوتەبێژی وەزارەتەکە رۆژی دووشەممە بە رووداوی گوت: "هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەندێک ناوچە وەکو گەرمیان بەزردەبێتەوە، بەڵام لەنێوان 44 بۆ 45 پلە دەبێت، واتە هێشتا ناگاتە 50 پلەی سیلیزی."
 
پلەکانی گەرما بۆ رۆژی سێشەممە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان
- هەولێر: 44 پلەى سیلیزى
- سلێمانی: 40 پلەى سیلیزى
- دهۆک: 41 پلەى سیلیزى
- کەرکووک: 45 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە: 44 پلەى سیلیزى
-حاجی ئۆمەران: 30 پلەى سیلیزى
-زاخۆ: 42 پلەى سیلیزى
-سۆران: 40 پلەى سیلیزى
-گەرمیان: 46 پلەى سیلیزى