لە چوار مانگدا کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق کەمترین وەبەرهێنانی تێدا کراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، خەرجیی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا لە عێراق تەنیا 2.3%ـی کۆی خەرجییەکانی وەبەرهێنانی لەسەر ئاستی وەزارەتەکان پێکهێناوە؛ زۆرترین خەرجیش بۆ کەرتی خزمەتگوزاری بووە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی بۆ خەرجیی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، خەرجیی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی وەزارەتەکان دوو تریلیۆن و 338 ملیار و 181 ملیۆن و 774 هەزار دینار بووە. زۆرترینی بۆ کەرتی باڵەخانە و خزمەتگوزارییەکان بووە کە تریلیۆنێک و 104 ملیار و 278 ملیۆن و 896 هەزار دینار بووە، ئەمەش دەکاتە 47.8%.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین خەرجیی وەبەرهێنان کە بۆ کەرتی خزمەتگوزاری و باڵەخانە بووە، زیاتر شەقامەکانی پێ نۆژەن کراوەتەوە یان دروستکراون، بەوپێیەی حکومەتی عێراق ئێستا گرنگیی زیاتر بەو پرسە دەدات.
کەمترین پارە بۆ کەرتی کشتوکاڵ خەرج کراوە کە 55 ملیار و 638 ملیۆن و 558 هەزار دینار بووە، ئەمەش دەکاتە 2.3%ی تێکڕای خەرجیی وەبەرهێنان لەو چوار مانگەدا.
کەرتی پیشەسازی بە پلەی دووەم هاتووە لە زۆریی خەرجی، کە 534 ملیار و 540 ملیۆن و 534 هەزار دیناری بۆ خەرج کراوە.
کەرتی گواستنەوە و پەیوەندییەکانیش لە ریزبەندیی سێیەمە و 473 ملیار و 432 ملیۆن و 950 هەزار دیناری بۆ خەرج کراوە.
بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2023، خەرجیی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی وەزارەتەکان زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار کەمی کردووە.